گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە %70ی ژنانی ئێران دژی حیجابی زۆرەملێن

2020.09.20 - 08:49
App store icon Play store icon Play store icon
لە %70ی ژنانی ئێران دژی حیجابی زۆرەملێن

ناس کورد-

بەگوێرەی ئامارێک، %70ی ژنانی ئێران دژی حیجابی زۆرەملێن کە لە ساڵی 1979ـەوە ژنانی ئەو وڵاـە ناچاردەکات حیجاب بپۆشن، لەهەمانکاتدا %85یان بڕوایان بە حیجابکردن هەیە وەک ئەرکێکی دینی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی لە ڕاپۆرتێکدا ئامارێکی تایبەت بە پۆشینی جلوبەرگی حیجاب لە ئێران بڵاویکردەوە و بەگوێرەی ڕاپرسییەکە دەردەکەوێت، زۆرینەی ژنانی ئێران دژی ئەو یاسایەن کە ناچاریان دەکات حیجاب بپۆشن، بەڵکو ئەوان پۆشینی حیجاب وەک ئەرکێکی دینی دەبینن.

 

تەقی ڕۆستەم ئەفەندی، سەرۆکی دەزگای کاروباری کۆمەڵگە بە ئاژانسەکەی ڕایەگەیاندووە، %70ی ژنانی ئێران دژی یاسای "حیجابی زۆرەملێ"ن کە ناچاریان دەکات حجاب بپۆشن، لەکاتێکدا %85ی ژنان ئیمان و بڕوایان بە حیجاب هەیە.

 

ناچارکردنی ژنانی ئێران بە پۆشینی حیجاب لەمێژووی ئەو وڵاتەدا بە دوو قۆناغ ئەنجامدرا، قۆناغی یەکەم هەر لەساڵی شۆڕش و ڕووخانی شای ئێران بوو لەساڵی 1979، کاتێک ژنان ناچارکران لەکاتی چوونە دەرەوەیاندا بۆ بازاڕەکان و دامەزراوە حکومییەکان حیجاب بپۆشن.

 

لە 8ی مارسی هەمان ساڵ (1979) و لەڕۆژی جیهانی ژناندا، هەزاران ژن لە تاران بۆ دژایەتی بڕیارەکە ڕژانەسەر شەقامەکان و بەشێکی زۆری پیاوانیش پشتگیریانکردن و چوونە پاڵیان.

 

قۆناغی دووەمی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لەئێران لەساڵی 1983 بوو، کاتێک یاسایەک دەرکرا و بڕیاردرا، هەرکەسێک حیجاب نەپۆشێت بەدوو مانگ زیندانی کردن و لێدانی 74  "جەڵد" سزابدرێت.

 

ئێستا ژنانی ئێران بە پۆشینی لەچکێک کە هەموو سەریان داناپۆشێت، دەیانەوێت دژایەتی بڕیارەکە بکەن، بەڵام هەندێکجار لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەتۆمەتی پابەندنەبوون بەیاسای "حیجابی زۆرەملێ" دەستگیردەکرێن.

 

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە حکومەتیش ئەو جۆرە حیجابە بە "حیجابی نەشاز" ناودەبەن، بەشێکی دیکەش لە ژنان هەندێک جار ناڕەزایی دژی یاساکە دەردەبڕن، بەڵام زۆرینەی کات بە دەستگیرکردنیان کۆتایی دێت.