گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزيرى تەندروستی: ڕێگە بە هاتنەناوەوەى سەردانيكەران و زیارەتکاران نادەین

2020.09.19 - 23:29
وەزيرى تەندروستی: ڕێگە بە هاتنەناوەوەى سەردانيكەران و زیارەتکاران نادەین

ناس کورد- 

حەسەن تەميمى، وەزيرى تەندروستى و ژينگەى عێڕاق ڕایگەیاند، ڕێكکەوتن هەيە بۆ داخستنى سنورەكان و ڕێگە نەدان بە هاتنە ناوەوەى سەردانيكەران لە ئێستادا، ئەويش تا ئەو كاتەى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ كۆنترۆڵ دەكرێت.

 

تەميمى لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى هەواڵى فەرمى "واع" وتويەتى: "بەهۆى پابەندنەبوونى هاووڵاتيان بە ڕێنماييەكانى وەزارەتى تەندروستييەوە وەك بەستنى كەمامە و دوركەوتنەوەى كۆمەڵايەتى و بەكارهێنانى پاكژكەرەوە بە بەردەوامى و گردنەبونەوە، ژمارەى توشبووانى كۆرۆنا زياديان كردووە." 

 

ئاماژەى بەوەشداوە: "ڤايرۆسەكە تائێستاش بەردەوامە و تەنگى بە دەوڵەتە گەورەكان هەڵچنيوە، دەبينين ئينگلتەرا دووبارە قەدەغەى هاتووچۆ دەسەپێنێت و فەرەنسا ڕێوشوێنى توند پەيڕەو ەكات، هەروەها وەزارەتى تەندروستى عێڕاقيش ڕێوشوێنى بۆ كاروانەكانى حسێنييە گرتووەتە بەر."

 

ڕونيشيكردەوە، تيم و كادرەكاني ڕاسپێردراو بەردەوام كارى پاكژكردنەوە و دابەشكردنى كەمامە ئەنجام بدەن، هەروەها داواش لە سەردانيكەران كراوە هاوكارى بكەن.

 

تەميمى هێماى بۆ ئەوەشكردوە: "پێويستە ڕێگە بە هيچ توشبوويەكى كۆرۆنا نەدرێت كە بەشداربێت لە ڕێوڕەسمەكانی حوسەینییە، ياخود كارى تێدا بكات و لەڕێگەى پشكنينەكانەوە دڵنيا ببنەوە لە سەلامەتى، هيواشى خواست هاووڵاتيان پابەندبن بە ڕێنماييە تەندروستيەكان و ڕێنماييەكانى مەرجەعى باڵا و بۆچونى شارەزايان.

 

تەئكيديشى كردەوە، رێكکەوتن هەيە بۆ داخستنى سنورەكان و ڕێگەنەدان بە سەردانيكەران بۆ هاتنە ناوەوە، ئەويش تا ئەو كاتەى ڤايرۆسى كۆرۆنا كۆنرۆڵ دەكرێت.