گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانياریى نوێ لەسەر ئەبو ئيبراهيم قوڕەيشى سەركردەى نوێى داعش بڵاودەكرێتەوە

2020.09.19 - 21:43
زانياریى نوێ لەسەر  ئەبو ئيبراهيم قوڕەيشى  سەركردەى نوێى داعش بڵاودەكرێتەوە

ناس کورد- 

بەپێى بەڵگەنامەيەكى هەواڵگریى ناوەندى بەرەنگاربونەوەى تيرۆرى نێودەوڵەتى لە ئەكاديمياى سەربازیى ئەمريكى "ويست پۆينت"،  ئەبو ئيبراهيم قوڕەيشى كە ئێستا سەركردەى ڕێكخراوى داعش و شوێنگرەوەى "ئەبوبەكر بەغدادى" سەركردەى پێشووە، لەساڵى 2008 ئەو كاتەی زيندانى بووە زانيارى لەسەر دەيان هاوڕێى داوە بە ئەمريكييەكان.

 

دواى كوژرانى "ئەبوبەكر بەغدادى" لە كۆتايى مانگى تشرينى يەكەم رێكخراوى داعش "ئەبو ئيبراهيم هاشمى قوڕەيشى" وەك شوێنگرەوەى ناساند، بەڵام ئەو ناوە لاى زۆرينەى خەڵك و دەزگا هەواڵگریيەكان و شارەزايانى تايبەت بە كاروبارى گروپە تيرۆرستيیەكان ناسراو نەبوو، بە جۆرێك هەندێك گومانيان هەبوو و تەنانەت پێيان وابوو كەسێكى خەياڵييە، بەرپرسانى سەربازى ئەمريكييش ئاماژەيان بەوەدابوو كە كەسێكى نەناسراو و ناديارە.

 

لاى خۆيەوە ڕۆژنامەى "گارديان"ى بەريتانى لە زارى بەرپرسانى هەواڵگرييەوە بڵاويكردبوەوە، "هاشمى قوڕەيشى" لە ڕاستيدا يەكێكە لە دامەزرێنەرانى ڕێكخراوى داعش و يەكێك لە گەورە بەرپرسانى و ناوى تەواوى "ئەمير محەمەد عەبدولڕەحمان مولا"يە.

 

ئەوەش هاتبوو، ناوبراو لە نەتەوەى توركمانەكانى عێراقە و ئەوەش يەكێكە لەو سەركردە دەگمەنانەى ڕێكخراوەكە كە عەرەب نەبن.

 

بەپێى بەڵگەنامەكەى هەواڵگریى ناوەندى بەرەنگاربوونەوەى تيرۆرى نێودەوڵەتى لە ئەكاديمياى سەربازى ئەمريكى "ويست پۆينت" قوڕەيشى كاتێك لەساڵى 2008 بەندكراو بووە لاى ئەمريكييەكان ئاسانكارى بۆ دەستگيركردنى دەيان ئەندامى ڕێكخراوى داعش كردووە لە شارى موسڵ.

 

ڕونيشكراوەتەوە، ناوبراو وێنەى 19 سەركردەى ڕێكخراوەكەى داوە بە ئەمريكييەكان كە بەرپرس بوون لە دروستكردنى بۆمبى چێنراو و بەئامانجگرتنى هێزەكانى ئەمريكا.

 

ئەوەش هاتووە، لەكاتى لێكۆڵينەوەكان لەگەڵيدا كە چەند كاتژمێرێكى خاياندووە، ناوى 68 هاوڕێى "ئەندامى قاعيدە"ى داوە بە ئەمريكييەكان و وردەكارى لەسەر يەك بە يەكيان و ئەركەكانيان و پلەكانيان داوە.

 

بەپێى هەمان ڕاپۆرت، ئەو زانياریيانە بوونەتە هۆى كوشتنى "ئەبو جاسم ئەبو قسورە" كە دووەم پياوى قاعيدە بووە لە عێراق ئەو كاتە، هەروەها چەندين زانيارى ورديشى لەسەر ڕێكخراوە لە عێراق داوە.

 

بەپێى زانياریيەكان قوڕەيشى دەستێكى باڵاى هەبووە لەو كۆمەڵكوژى و دەستگيركردنەى ڕێكخراوى داعش لەساڵى 2014 دژى پێكهاتەى ئيێزدييەكان ئەنجاميدا.

 

لەساڵى 2019 ئەمريكا بڕى 5 مليۆن دينارى وەك پاداشت بۆ هەركەس دانا كە زانيارى لەسەر بدات و دەستگير بكرێت ياخو بكوژرێت، دواتر لەساڵى 2020 پاداشتەكەى بەرزكردنەوە بۆ 10 مليۆن دۆلار.