ناس کورد-
سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، بەمەبەستی بەردەوامیدان بە هێزەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، راداری جۆری سێنتینێڵ و زرێپۆشی جۆری برادلی-یان رەوانەی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا کردووە، دەشڵێت، هەناگاوەکان بە ئامانجی پاراستن و بەهێزکردنی پێگەکانی ئەو هێزانەیە کە لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە 19ی ئەیلولی 2020، بێل ئێربن، وتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند: "راداری جۆری سێنتینێڵ و زرێپۆشی جۆری برادلی ڕەوانەی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا کراوە."
ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەو هەناگاوانەی کە فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی سوپای ئەمریکا گرتوویەتییەبەر لە سوریا، مەبەست لێی زیادکردنی چاودێری و کردە سەربازییە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەیەتی.
وتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، هەنگاوەکان لە چوارچێوەی هەوڵەکانیاندایە لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش، بۆ پاراستنی هێزی هاوپەیمانی و بەهێزکردنی پێگەکانی هێزەکە لە ناوچەکەدا.
ئێربن باسیلەوەکردووە: "ئەمریکا هیچ مەرامێکی پێکدادان و ئەنجامدانی کردەی سەربازیی لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا لە سوریا نییە، بەڵکو ئەو هەنگاوە تەنها بۆ پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانی دژبە داعشە لەو ناوچەیە".
ناردنی هێز لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سوریا لە کاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو چەند ڕووداوێک لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ڕوسیا لەو وڵاتە ڕوویدا کە لە هەموویان مەترسیدارترئەوە بوو کاتێک زریپۆشێکی ڕوسی خۆکێشا بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی ئەمریکا کە لە ئاکامدا بە هۆیەوە چوار سەربازی ئەمریکی برینداربوون .