گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: کێشەی دابینکردنی موچە پەیدا دەبێت

2020.09.19 - 20:54
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: کێشەی دابینکردنی موچە پەیدا دەبێت

ناس کورد-

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی عێراق بۆ مانگی ئەیلول مسۆگەرکراوە، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە حکومەت نەتوانێت لەمانگەکانی دیکەدا موچە دابین بکات، هاوکات ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت، بۆ دابینکردنی موچە فەرمانبەران لە مانگەکانی داهاتوودا حکومەت ناچارە پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی ببات. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆشەممە 19ی ئەیلولی 2020، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند: " شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بۆ مانگی ئەیلول مسۆگەرکراوە، بەڵام لە مانگەکانی داهاتوودا بە تایبەتی لەمانگی تشرینی یەکەمدا کێشەی دابینکردنی موچە بۆ حکومەت دروست دەبێت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "تائێستا یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2020 عێراق نەگەیشتووەتە پەرلەمان و ئاگامان لە ناوەڕۆکەکەی نییە".

 

بەوتەی سەفار: "لە ئێستاداعێراق بەدەست کەمبوونەوەی داهاتە نەوتییەکان و نا نەوتییەکانەوە دەناڵێنێت، ئەوەش وایکردووە دووچاری کورتهێنانێکی زۆرببێتەوە، بۆیە پێدەچێت حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی پەنا بۆ بەدەستهێنانی قەرزی ناوخۆیی ببات".

 

هەرلەوبارەیەوە، جەماڵ کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی وت: "حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی موچەی مانگەکانی داهاتوو دەست بۆ قەرزی ناوخۆیی دەبات کە ئەوەش بەپێی بڕگەیەکە کە لە  یاسای بودجەی 2020 دا گەڵاڵە کراوە".

 

کۆچەرڕوونیکردوەتەوە: "بەبێ ڕەزامەندی پەرلەمان لەسەرئەو بڕگەیە حکومەتی عێراق ناتوانێت موچەی فەرمانبەرەکانی دابین بکات".

 

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختیلەوەشکردووەتەوە: "پەرلەمان ناچارە لەبەر ئەو بارودۆخەی کە هاتووەتە پێش ڕەزامەندی لەسەر پەنابردن بۆ قەرزی ناوخۆیی بدات، بەڵام ئەو ڕەزامەندییە تەنها بۆ دابینکردنی موچە فەرمانبەرانە، نەک بۆ بابەتی تر".