گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق بڕیاری دا بیکڕێت

هۆشداری لە ’’کارەساتباری ئەو ڤاکسینە چینییە’’ دەدرێت کە عێراقیش بەکاریدەهێنێت

2020.09.19 - 17:55
هۆشداری لە ’’کارەساتباری ئەو ڤاکسینە چینییە’’ دەدرێت کە عێراقیش بەکاریدەهێنێت

ناس کورد-

شارەزايانى تەندروستى ئەمريكى دەڵێن، چين و ڕوسيا سەرجەم ڕێگە و ڕێساكانى دروستكردنى ڤاكسين و ڕەزامەنديدانيان لەسەرى پێشێڵكردوە و چوونەتە قۆناغى ئاڵنگارى جيۆسياسى و بڕێكى زۆر ڤاكسين بەرهەمدەهێنن تەنانەت پێش ئەوەى تاقيكردنەوەى لەسەر مرۆڤ كۆتايى بێت.

 

ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆستى ئەمريكى بڵاويكردوەتەوە، چين دەبێتە تاكە دابينكەرى ڤايرۆس كۆرۆنا بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەگەر دەستى كرد بە بەرهەمهێنانى ڤاكسين، هەروەها سندوقى داهاتی سيادى ڕوسى ئەم هەفتەيە گرێبەستێكى لەگەڵ وڵاتى هندستان واژۆكردوە بۆ بەرهەمهێنانى 100 مليۆن لە ڤاكسينى "سپۆتنيك V".

 

وەزارەتى تەندروستى عێراق سەرقاڵى وەرگرتنى رەزامەندى فەرمییە بۆ دابینکردنى بودجەى پێویست بەئامانجى هاوردەکردنى ڤاکسینى چینى دژە کۆرۆنا کە لەلایەن کۆمپانیاى "سینو فارم" ەوە لە ناوەڕاستى ئابدا ڕاگەیەنرا.

 

زیاتر بخوێنەوە: عێراق ڤاکسینى چینى هاوردە دەکات

 

هەروەها هەر ئەمڕۆ، وەزیرى تەندروستیی ئیمارات یەکەم پێکوتەى ڤاکسینى دژە کۆرۆناى پێدرا، ئەوەش لە چوارچێوەى ئەو پلانەى وەزارەتى تەندروستى ڕایگەیاندووە بە مەبەستى دابینکردنى ڤاکسینەکە بۆ ئەو کارمەندانەى بەرکەوتەی زۆریان لەگەڵ تووشبوانى پەتاکە هەیە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکەى واشنتن پۆست، شارەزايانى چاودێرى تەندروستى ئەمريكى پێيان وايە، پێويستە ولايەتە يەكگرتوەكان پەلە نەكات لە بەرهەمهێنانى ڤاكسينى دژە ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ.

 

ڕاپۆرتەكە باس لەوەدەكات، تا ساڵى داهاتوو لەوانەيە چين و ڕوسيا هێزێكى جيۆسياسى گەورەيان لە ڕێگەى دانانى ڕێسا و فرۆشتنى ڤاكسين كڕيبێت، بەڵام ئەگەريشى هەيە شكستبهێنێت ڤاكسينەكەيان، ئەو كاتە زيانێكى مرۆڤيى گەورەى لێدەكەوێتەوە.

 

لاى خۆيەوە ئارسەر كابلان، سەرۆكى بەشى خوڕەوشتى پزيشكى لە كۆلێژى گروسمان بۆ پزيشكى لە زانكۆى نيويۆرك دەڵێت، بەڕاستى بيرۆكەيەكى شێتانە و خراپە "وەك ئاماژەيەك بۆ بێباكى چين و ڕوسيا و چاوەڕواننەكردنى تەواوبونى تاقيكردنەوەكان لەسەر ڤاكسينەكانيان"، دەشڵێت "زۆر قورسە لەوە تێبگەيت".

 

لەماوەى ڕابردودا بەبێ ئەوەى سەرجەم قۆناغەكانى تاقيكردنەوەى ڤاكسين تەواو ببەن، چين ڤاكسينەكەى لەسەر سەدان هەزار كەس بەكارهێنا، تەنانەت كەسانى دبلۆماسى و ئەندامانى سوپا و كارمەندانى تەندروستى وفەرمانبەرانى كۆمپانياكانى دەوڵەتيشى گرتەوە، ڤاكسينەكەى لەسەر ئاستێكى فراوان بڵاوكردوەتەوە ئەوەش لەپێناو فراوانكردنى هەژمونى خۆى.

 

ئەم هەنگاوەى چينيش توڕەبونێكى نێودەوڵەتى لەبەرامبەرى دروستكردووە، بەتايبەتى كە بۆ يەكەمجار كۆرۆنا لەو وڵاتەوە سەريهەڵداو بۆچونێكيش هەيە لەسەر ئەوەى كۆرۆنا دروستكراوى تاقيگەيە.

 

پزيشكان و شارەزايانى تەندروستى هۆشدارى لەوەدەدەن، كە لەوانەيە ڤاكسينەكە كاريگەرى سلبى خراپى هەبێت، چونكە زۆر بەخێرايى دروستكراوە و بە ڕێگا ياساييەكانى سەلامەتيدا نەڕۆشتووە.