گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیرى تەندروستیی ئیمارات ڤاکسینى کۆرۆناى لەسەر خۆى تاقیکردەوە

2020.09.19 - 15:59
وەزیرى تەندروستیی ئیمارات ڤاکسینى کۆرۆناى لەسەر خۆى تاقیکردەوە

ناس کورد-

وەزیرى تەندروستیی ئیمارات یەکەم پێکوتەى ڤاکسینى دژە کۆرۆناى پێدرا، ئەوەش لە چوارچێوەى ئەو پلانەى وەزارەتى تەندروستى ڕایگەیاندووە بە مەبەستى دابینکردنى ڤاکسینەکە بۆ ئەو کارمەندانەى بەرکەوتەی زۆریان لەگەڵ تووشبوانى پەتاکە هەیە.

 

بەپێی هەواڵی میدیاکانى ئیمارات، عەبدولڕەحمان عوەیسى، وەزیرى تەندروستیی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، ئەوان لەڕێگەى پێشکەشکردنى ئەو ڤاکسینەوە هەوڵى بەردەستخستنى هەموو ئامڕازێکى پێویست دەدەن بۆ ئەوانەى لەهێڵى یەکەمى بەرەنگاربوونەوەى پەتاکەدان و هەروەها دەیانپارێزن لەهەر مەترسییەک کە بەهۆى سروشتى کارەکەیانەوە دووچارى دەبن.

 

جەختیشى لەسەر ئەوە کردووەتەوە، بەشێوەیەکى گشتى لەگەڵ ڕێنمایى و یاساکاندایە کە ڕێگە بەگەڕانەوەى خێرا بۆ گرتنەبەرى ڕێوشوێنەکانى مۆڵەتپێدان دەدەن، ئەوەش دواى دەرکەوتنى ئەنجامە ئەرێنیەکانى تاقیگە کلینیکیەکان کە کەرتى تەندروستى پێیهەستاوە.

 

وەزیرى تەندروستیی ئیمارات ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، ڤاکسینەکە سەلامەت و کاریگەرە و بەشدارى لەکەمکردنەوەى زیانەکاندا دەکات کەبەهۆى پەتاى کۆرۆناوە سەریانهەڵداوە.

 

ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتانەى ڕێگەیداوە بەبەکارهێنانى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا بۆ ئەو چینانەى کە زیاتر بەهۆى پیشەکانیانەوە بەرکەوتەیان لەگەڵ توشبووانى ڤایرۆسى کۆرۆنادا هەیە بەمەبەستى پاراستنیان.

 

هاوکات وەزارەتى تەندروستى عێراق سەرقاڵى وەرگرتنى رەزامەندى فەرمییە بۆ دابینکردنى بودجەى پێویست بەئامانجى هاوردەکردنى ڤاکسینى چینى دژە کۆرۆنا کە لەلایەن کۆمپانیاى "سینو فارم" ەوە لە ناوەڕاستى ئابدا ڕاگەیەنرا.  

  

سەفا موسلیم تەمیمى، بڕیاردەرى لیژنەى تەندروستى و ژینگەى پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى ڕاگەیاندووە، ئێوارەى دوێنێ میواندارى وەزیرى تەندروستیان کردووە بۆ تاوتوێکردنى پرسی کڕینى ڤاکسینى چینى و جەختیکردووەتەوە لە هەوڵدان بۆ تاوتوێکردنى پرسەکە لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران بەئامانجى دابینکردنى بودجەى پێویست بۆ واژۆکردنى گرێبەست لەو بارەیەوە.  

  

رونیشیکردەوە، "ڤاکسینى چینى بەپێی تاقیکردنەوە و توێژینەوەى درێژ بەکاردەهێنرێت".  

  

بەپێی وتەى خاوەنى کۆمپانیاى نیشتیمانى چین بۆ پیشەسازى دەرمان "سنو فارم" کە ناوەڕاستى ئاب ڕایگەیاندبوو، تیچووى ڤاکسینەکە کەمترە لە 1000 یوان (140 دۆلار)، 28 رۆژ جارێک دوو پێکوتە دەدرێت بەوانەى پێویستیانە.  

  

حەسەن خەلاتى، ئەندامى لیژنەى تەندروستى و ژینگە دەڵێت، وەزارەتى تەندروستى جەختیکردووەتەوە، لەپەیوەندیدا دەبن لەگەڵ ئەو وڵاتانەى گەشە بە ڤاکسین دەدەن، بۆ ئەوەى عێراق لەو وڵاتانە بێت کە یەکەمجار ڤاکسینیان پێدەگات.  

  

باسى لەوەشکردووە، لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنى روسی و شاندێک رەوانەى چین دەکەن بۆ ئەوەى بەشێوەى راستەوخۆ بچنە شوێنى بەرهەمهێنانى ڤاکسین، ئەگەریش لەلایەن تەندروستى جیهانییەوە پەسەندبکرێت عێراق هاوردەى دەکات.