ناس کورد-
وەزارەتى دادى ئەمریکا دوو کەسى دانیشتووى هەولێرى تۆمەتبارکرد بە پێدانى بەرتیل بۆ بەدەستهێنانى گرێبەستى وەزارەتى بەرگرى بۆ پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریی و کەلوپەل بە هێزەکانى ئەمریکا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتەکە ئەمرۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، تۆمەتیان ئاڕاستەیان مارک ئالان فریدى تەمەن 37 ساڵ و لارا جومعەی تەمەن 30 ساڵ کردووە، کە لە هەولێر دادەنیشن بەتۆمەتى ساختەکاریی و پێدانى بەرتیل بە فەرمانبەرى گشتى.
بریان سى کە کاروبارەکانى یاریدەدەرى داواکارى گشتى رێکدەخات دەڵێت، "پلانى بەرتیلدان بۆ لەباربردنى هەوڵەکانى وەزارەتى بەرگرى بووە بۆ ئەنجامدانى گرێبەست بەشێوەى یاسایی لەدەرەوە".
وتیشى، "گەندەڵییەکە کاریگەرى لەسەر خۆشگوزەرانى سەربازەکان دروستکردووە، وەزارەتى داد بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ پاراستنى سەربازەکان لەهەر مامەڵەیەکى گەندەڵ و ساختەکاری لەسەرتاسەرى جیهان".
بەپێی تۆمەتەکە، ئەو دوو کەسە کە خاوەنى کۆمپانیان، بەرتیلیان خستووەتە بەردەم بەرپرسانى سوپاى ئەمریکا لە بنکەى ئاسمانى هەولێر بۆ بەدەستهێنانى گرێبەستى تایبەت بە پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریی و کەلوپەل بە هێزەکانى ئەمریکا لەسەرەتاى ئەمساڵدا.
هەر بەپێی تۆمەتەکە، ئەو بەرتیلەى کە ئەو دوو کەسە خستویانە بەردەم بەرپرسانى سوپاى ئەمریکا 20٪ى بەهاى ئەو گرێبەستە بووە کە هەوڵیانداوە بەدەستى بهێنن، هەروەها ئامادەییان نیشانداوە پێشەکى پارەى کاش بدەن، بۆ بەدەستهێنانى گرێبەستەکە کە بڕیاربوو لە کۆتایی ئازارى ئەمساڵدا پێیان بدرێت.