ناس كورد-
وەزارەتى پەروەردەى عێراق تەواوبوونى کارەکانى بۆ دانانى پێشنیاز و میکانیزمى بۆ دەستپێکردنى ساڵى نوێی خوێندن ڕاگەیاند و دەخرێتە بەردەم دەستەى تایبەتمەند بۆ پەسەندکردنى.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەیدەر فاروق وتەبێژى وەزارەتەکە بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاند، ئەگەر دەستەکە پێشنیازەکان پەسەند نەکات، ئەوکات بۆ ئەمنیدارێتى ئەنجومەن بەرزدەکرێنەوە بۆ دەنگدان لەسەرى، ئەگەریش ئەو دەنگى لەسەر نەدات، ئەوکات دەستپێکى ساڵى نوێ ڕادەگەیەنن.
وتیشى "ئەو بڕیارانە پەیوەستن بە بڕیارەکانى شانەى قەیرانەکان و هەڵکردنى گڵۆپى سەوز لەلایەن وەزارەتى تەندروستییەوە، هێشتاش هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکى ساڵى نوێی خوێندن دیارینەکراوە".
حەیدەر فاروق باسى لەوەکردووە، وەزارەت تاوتوێی میکانیزمەکانى کردووە، ئەوانەش بڕیار نین ئەگەر دەنگیان لەسەر نەدرێت و لەئێستادا ناتوانن ئاشکراى بکەن.
بەهۆى بەرزبوونەوەى ئامارەکانى کۆرۆنا بەم دواییانە لە عێراق، ترس لە شەپۆلى نوێی ڤایرۆسەکە دروستبووە و بەرپرسانى تەندروستى هۆشدارى دەدەن کە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت ئەگەر خەڵک پابەندى رێوشوێنەکان نەبێت. بەهۆى ئەو دۆخەشەوە تا ئێستا دیار نییە کەى ساڵى نوێی خوێندن دەستپێدەکات.
کۆمسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤى عێراق ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا داواى لە وەزارەتى پەروەردە کرد بڕیاردان لەبارەى دەستپێکردنى ساڵى نوێی خوێندن دوابخات، بەهۆى مەترسی بڵاوبوونەوەى زیاترى کۆرۆناوە.
کۆمسیۆنەکە بە پێویستى دەزانێت وەزارەتى پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکان خوێندنەوەیەکى ورد بکەن و بریاردان لەبارەى دەستپێکردنى ساڵى نوێی خوێندن بەشێوەیەکى تەواوەتى دوابخەن، بەهۆى دابینەنەکردنى پێداویستییە پزیشکییەکان و کەمى پابەندبوون بە رێکارەکانى خۆپاراستن.