گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چی توڕەی کردوون؟

ڕۆژنامەیەکی حزبوڵا هەوڵێکی مالکی و عامری بۆ خستنی کازمی ئاشکرا دەکەن

2020.09.18 - 11:57
App store icon Play store icon Play store icon
ڕۆژنامەیەکی حزبوڵا هەوڵێکی مالکی و عامری بۆ خستنی کازمی ئاشکرا دەکەن

ناس كورد-

ڕۆژنامەى "الاخبار"ى لوبنانى نزيك لە حزبڵڵا ئاشكرايدەكات، نورى مالكى، سەرۆكى ئيئتلافى دەوڵەتى و ياسا و هادى عامرى، سەرۆكى هاوپەيمانى فەتح سەرقاڵی پلانێكن كە لەوانەيە ببێتە هۆى لابردنى مستەفا كازمیی سەرۆكوەزيران، ئەوەش بەهۆى ئەو گۆڕانكاريەكانى لە پۆستە باڵاكاندا دەيكات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێكدا بڵاويكردوەتەوە، بڕيارەكانى ئەم دواييەى كازمى بووەتە هۆى يەكڕيزى ڕكابەرەكانى لە يەك خەندەقدا، ئەوەش دواى ئەوەى تۆمەتبارى دەكەن بە پشک پشکێنەی حزبی، بەڵام کازمی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكاتەوە و وتويەتى، دامەزراندنەكان لەسەر بنەماى توانا و دەستپاكى بوون.

 

زیاتر بخوێنەوە: ئەگەر بەهۆی کۆرۆناوە نییە ئەى مالکی لە ئێران چی دەکات؟



لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردودا سەرۆكوەزيرانى عێراق بڕيارى دامەزراندنى چەند كەسێكى لە پۆستە گرنگەكانى دامەزراوەكانى دەوڵەتدا، ئەوەش بەپێى بەياننامەيەك كە لە نوسينگەى ڕاگەياندنى كازمييەوە دەرچووە.

 

ئەوەش هاتبوو، دامەزراندنە نوێیەکان 15 پۆست بوون لە ديارترينيشيان ، مستەفا غالب بۆ پۆستى پارێزگارى بانكى ناوەندى، خاليد عوبەيدى، وەزيرى پێشووى بەرگرى بۆ پۆستى بریکاری كاروبارى پرۆسەكانى دەزگاى هەواڵگریی نيشتمانى، مونهيل حبوبى بۆ پۆستى  ئەميندارى بەغدا و سامى مەسعودى، سەركردەى پێشوو لە هاوپەيمانى فەتح بۆ پۆستى سەرۆكى دەستەى حەج و عەمرە.

 

بەپێى ڕاپۆرتەكە، ئەو گۆڕانكاريانە ژمارەيەك لە هێزە سياسيە ئۆپۆزسيۆنەكانى توڕە كرد و يەكيانگرتوە و گۆرانكاريەكان ڕەتدەكەنەوە، هەريەكە لە موقتەدا سەدر، هادى عامرى، نورى مالكى و چەند كەسايەتييەكى تريش ڕێكەوتوون لەسەر ئەوەى كە دروشمى "نا بۆ پشككارى" بەرز بكەنەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە: گۆڕانکارییەکانى کازمى لە بەردەم ڕەشەباى ناڕەزاییدایە و بە ’’گەڕانەوە بۆ دواوە’’ وەسف دەکرێت



ئەوەش هاتووە، بە بۆچوونى ئەو كەسانە بڕيارەكانى ئەم دواييەى كازمى پشككارييەكى تەواوە و پێويستە عێراق لە كێشەكانى دەربكرێت، دورتر لەوەش، موقتەدا سەدر ئامادەژى بەوەداوە كە بێهيوا بووە لە حكومەت و داواى لە پەرلەمانتارانى كوتلەكەى "سائرون" كردووە كە خۆيان بێبەرى بكەن لە حكومەت.

 

لە بەرامبەر ئەوەشدا كەسە نزيكەكانى كازمى دەڵێن، ئەو كاردانەوانە هەڵمەتێكى بە بەرنامەيە و ئامانج لێى خستنى كازمييە، هەندێكيش پێيان وايە پەيوەندى بە سەردانەكەى مالكييەوە هەيە بۆ تاران و بينينى ژمارەيەك بەرپرسى ئەو وڵاتە، هەندێك لە سەركردەكانى هاوپەيمانى فەتحيش دەيانەوێت ڕووپۆشى ئيرانى لاببەن و جوڵە بكەن و لەكۆتاييدا حكومەتەكەى مستەفا كازمى بڕوخێنن، ئەويش لەڕێگەى شەقام ياخود پەرلەمانەوە.

 

لاى خۆشيانەوە سەرچاوەكانى نزيك لە كازمى بە ڕۆژنامەكەيان وتووە، هۆكارى پشت هێرشەكانى ئەم دواييە ئەوەيە كە كازمى ڕەتيكردوەتەوە ئەو پۆست و پێگانەى ماڵى شيعى دەيانەوێت بيانداتێ، وەك ئەوەى لەسەردەمى عادل عەبدولمەهدى سەرۆك وەزيرانى پێشوو ڕوويدا كاتێك سەدريەكان داواى پۆستى بانكى ناوەندييان دەكرد و حيكمە داواى ئەمنيدارى بەغدا و دەوڵەتى ياسا داواى هەندێك لە پلە تايبەتەكانيان دەكرد، هەروەها فەتحيش دەيويست زۆرترين ژمارە لە پلە تايبەتەكان ببات.

 

لە وەڵام ئەو تۆمەتانەى ئاڕاستەى دەكرێن، مستەفا كازمى لەبەياننامەيەكدا باسى لەوەكردوە، گۆڕانكاريەكان بە گونجان بووە بەپێى چوارچێوەى ئيداريى و ياساييەكان، ئەوەش بەلەبەرچاوگرتنى دەستپاكى شارەزايى و باڵانسى نيشتمانى.

 

سەرۆك وەزيران داواشى لە كوتلە سياسيەكان كردوە كە زانيارى بدەنێ لەسەر ئەو تۆمەتانەى تايبەت بە پشككارى ئاراستەى دەكەن، هێماى بۆ ئەوەشكردوە، "ئەگەر كوتلە سياسيەكان خۆيان بێبەرى دەكەن لەو گۆڕانكاريانە، چۆن سەرۆك وەزيران تۆمەتباردەكەن بەوەى كە پشتى بە پشككارى حزبى بەستووە؟".

 

لێرەدا پرسيار لەسەر ڕاستى گفتوگۆكانى نێوان مستەفا كازمى و و هێزە سياسيەكان سەبارەت بەو دامەزرادنانە دێنە ئاراوە، لەكاتێكدا كەسێكى نزيك لە كازمى ئاشكرايكردوە كە تەنها بازنەيەكى بچوك ئاگادارى ئاليەتى دابەشكردنى پۆستەكان بوون كە لە پێنج كەس تێناپەڕن.

 

هەندێك پێيان وايە، كێشەى دامەزراندنەكان بەرەيەكى ڕوبەڕوبونەوەى لەنێوان كازمى و هێزە شيعەكان بە دياريكراويى كردوەتەوە، ئەوەش چارەنوسى حكومەتەكەى و سەرۆكى حكومەتيشى ڕووبەڕووى ناديار كردوەتەوە.

 

بەپێى زانياريەكان، بازنەى بڕيارى ئەمريكى و ئێرانيش پێيان وايە تائێستا پەردە لەسەر كازمى لانەبراوە بەتايبەتى كە لە ئێستادا جێگرەوەيەكى واى نييە، تەنانەت يەكێتى ئەوروپاش لە نزيكەوە چاودێرى ڕوداوەكانى سەر مەيدانى عێراقى دەكات و بڕواى تەواوى هيە كە كەوتنى حكومەتى ئێستا واتاى ئەوەيە عێڕاق زۆر بەخێرايى بەرەو چارەنوسێكى ناديار دەچێت، ئەوەش پێويستى بە دەستوەردانى خێرا هەيە بۆ پڕكردنەوەى هەر بۆشاييەك كە دروست دەبێت.