گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

لە ترسى كۆرۆنا يانەيەكى ئەڵمانى بە 37 گۆڵى بێبەرامبەر دەدۆڕێت

2020.09.17 - 22:42
لە ترسى كۆرۆنا يانەيەكى ئەڵمانى بە 37 گۆڵى بێبەرامبەر دەدۆڕێت

ناس کورد- 

لە ترسى ڤايرۆسى كۆرۆنا يانەيەكى ئەڵمانى لە خولى پلە سێى ئەو وڵاتە بە 37 گۆڵى بێبەرامبەر دەدۆڕێت، ئەوەش لەبەر ئەوەى نەيانوێراوە نزيكى ياريزانەكانى تيپى بەرامبەر ببنەوە.

 

بەپێى سەرچاوەكانى هەواڵ، يانەى "ئێس جى ڕيبدرۆف مولتسن" كە لە خولى پلە سێى ئەڵمانى لە ناوچەى "ئۆڵتسۆن" لە ولايەتى سەكسۆنياى خواروو يارى دەكات، بە 37 گۆڵی بێبەرامبەر بە يانەى "ئێس ئێف هۆڵدنشتيدت"ى دۆڕاندووە.

 

ڕونيشكراوەتەوە، هۆكارى ئەو ئەنجامە ترس بووە لە ڤايرۆسى كۆرۆنا و دواى ئەوەى زانيويانە ياريزانەكانى يانەى ڕكابەر تێكەڵى توشبوويەكى كۆرۆنا بوون، وەك ناڕەزايەتيەك بەرامبەر دوانەخستنى ياريەكە بەرگريان نەكردووە و نزيكى ياريزانەكانى تيپى بەرامبەر نەكەوتوون.

 

سەرچاوەكانى هەواڵى ئەڵمانيا باسيان لەوەكردوە، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى پشكنين بۆ سەرجەم ياريزانەكانى يانەى "ئێس ئێف هۆڵدنشتيدت" كراوە و هيچ كاميان توشبووى كۆرۆنا نەبوون، بەڵام 14 ڕۆژ بەسەر تێكەڵبونەكەيان لەگەڵ توشبووەكەدا تێنەپەڕيوە، بۆيە يانەى "ئێس جى ڕيبدرۆف مولتسن" پێيان باشبووە هۆشيار بن و نزيكى ياريزانەكانى بەرامبەر نەكەون و دوركەوتنەوەى كۆمەڵايەتى پەيڕەو بكەن لە ياريەكە.

 

سەبارەت بە هۆكارى ئەو كارەيان "پاتريك ڕيتسوف" سەرۆكى يانەى "ئێس جى ڕيبدرۆف مولتسن" بە ڕاديۆى "ئێن دى ئاڕ"ى وتووە، كە بەهۆى ئەوەوە بووە ياريزانەكانى تيمى بەرامبەر تێكەڵى توشبووى كۆرۆنا بوون.

 

بەرپرسانى هەمان يانە وتويانە، ئيدارەى يانەى "ئێس ئێف هۆڵدنشتيدت" ڕەتيانكردوەتەوە بەهۆكارى تەندروستى ياريەكە دوابخەن.

 

ياريزانەكانى يانەكە تەنها لەناو ياريگادا ڕايان كردوە و نزيكى ياريزانەكانى تيمى بەرامبەر نەبوون، ئەوەش بۆ ئەوەى سزاى ئامادەنەبونيان بەسەردا نەسەپێنرێت.