گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تيك تۆك.. بەشێك لە پلانێكى گەورەترى چين بۆ فراوانكردنى هەژمونى لە جيهاندا

2020.09.17 - 21:55
تيك تۆك.. بەشێك لە پلانێكى گەورەترى چين بۆ فراوانكردنى هەژمونى لە جيهاندا

ناس کورد- 

كۆمپانياى هواوى چينى و ئەپليكەيشنى "تيك تۆك" تۆمەتبارن بە هاوكاريكردنى حكومەتى چينى، ئەوەش وەك بەشێكى بچوكى ستراتيژێكى گەورە و تەواوى حزبى شيوعى چينى بۆ ئەوەى لە ڕێگەى هێزە نەرمەكەيەوە كۆنترۆڵى جيهان بكات، ئەوەش بەپێى بۆچوونى شارەزايانى كاروبارى ئاسيا و "يى شينگ ليان"ی مامۆستاى ئابورى.

 

ليان لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەى "نيويۆرك تايمز" بڵاويكردووەتەوە هۆشدار دەدات لەوەى، چەندين پێكهاتە هەيە كە باگراوندێكى چينى بەهێزيان لە پشتە لە ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا و سەرجەم دەوڵەتانى ترى جيهان، ئەوەش بەشێكە لە پلانى پەكين بۆ ئەوەى لە رووى ڕۆشنبيريەوە پەلبهاوێت.

 

ئەپليكەيشنى "تيك تۆك" جەماوەرێكى زۆرى لەنێو كەسانى تازە پێگەيشتوو و چينى گەنجان هەيە، بەتايبەتى ئەوانەى لەنێوان 15 بۆ 25 ساڵن، ژمارەى بەكارهێنەرانى لە جيهاندا بە يەك مليار كەس مەزەندە دەكرێت.

 

ئەو شيكەرەوەيە هێما بۆ ئەوەشدەكان، لەلايەكى ترەوە پەيمانگاكانى "كۆنفۆشيۆس" پێيان وايە كە "تيك تۆك" تەنها تۆڕێكى فراوانە لە ناوەندەكانى خوێندنى زمانى چينى، بەڵام لە ڕاستيدا ئامڕازێكى تەكتيكى پڕوپاگەندەى چينە.

 

نوسەرى وتارەكە دەڵێت، ئەوە تەنها ڕێكەوت نييە كە "شى جين بينگ" سەرۆكى چين خەونێكى گەورەى هەيە كە ئەويش هەژمونى جيهانييە، ستراتيژيشى بۆ جێبەجێكردنى ئەوە پشت بە پەستانى تەقليدى و هێزى نەرم دەبەسەتێت.

 

بەپێى بۆچونى ئەو مامۆستايە، ڕێگەكانى پەستانى تەقليدى و بەردەست، بريتييە لە دروستكردنى بنكەى سەربازى و بەندەر لە سەرجەم ناوچەكانى جيهاندا كە چين دەستيان بەسەردا بگرێت.

 

ئێستا لە دەوروبەرى زەرياى هاديدا چين كۆنترۆڵى بەندەرەكان و فڕۆكەخانەكان و بنكە سەربازيەكان و وێستگەكانى چاودێرى كردوە، ئەوەش بە درێژايى كەنارەكانى ميانمار، سريلانكا، دورگەى ماڵديف و پاكستان تا دەگاتە جيبۆتى و كينيا.

 

چين لە ساڵى 2017 پشتى بە ياساى هەواڵگرى نيشتمانى بەست و بەپێى ياساكە لەسەر هەموو هاوڵاتيان و كۆمپانيا چينيەكان پێويستە كە لە ڕووى ياساييەوە پابەندبن بە هاوكاريكردنى حكومەت لە كۆكردنەوەى زانيارى هەواڵگرى و پاراستنى نهێنى هەر هاوكارييەكيش.

 

دەستورى حزبى شيوعى چينى لەسەر هەر كۆمپانيايەكى فەرزكردوە كە لانيكەم سێ كارمەندى حزبەكەى تێدايە و شانەى ڕاسپردراو بە جێبەجێكردنى داواكاريەكانى حزب دروست بكرێت.

 

دۆناڵد ترامپ، سەرۆكى ولايەتە يەكگروەكانى ئەمريكا لەمانگى هەشتى پێشودا فەرمانێكى جێبەجێكردنى واژۆكرد بۆ قەدەغەكردنى ئەپليكەيشنى تيك تۆكى چينى و تۆمەتبارى كرد بەوەى سيخوڕى بۆ حكومەتى چينى دەكات، هەروەها ئەپليكەيشنى "وى چات"يش كە گروپى "تنسنت"ى زەبەلاحى تەكنەلۆژى خاوەنيەتى هەمان تۆمەتى لەسەرە.

 

سەرەڕاى ئەوەش ئەمريكا سزاكانى لەسەر گروپى پەيوەنديەكانى چينى "هواوى" توندتر كرد، ئەوەش لەپێناو ئەوەى ڕێگەى لێبگرێت كە بگاتە تۆڕەكانى ئەمريكا، سەرەڕاى ئەمانەش كۆمپانيا چينيەكان لەسەرتاسەرى جيهاندا تۆمەتى سيخوڕيكردنيان بۆ حزبى شيوعى دەسەڵاتدار لەسەرە.