گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆمپانیایەک لە باشماخ مانگانە بەبەهای زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار پشکنینی کۆرۆنا دەکات

2020.09.17 - 20:53
کۆمپانیایەک لە باشماخ مانگانە بەبەهای زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار پشکنینی کۆرۆنا دەکات

ناس کورد-

ئەگەرچی زۆرکات داوا لە حکومەتی هەرێم دەکرێت، دەستی کۆمپانیا لەکاروبارەکانی حکومەت دووربخرێتەوە و لەوڕێگەیەوە داهاتی حکومەت زیادبکرێت، بەڵام ڕۆژبەڕۆژ کۆمپانیاکاری لەهەرێم زیاد دەکات و لەدەروازەی سنوریی باشماخ کاری پشکنینی کۆرۆنا دراوەتە کۆمپانیایەک و مانگانە بەبەهای زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار پشکنین ئەنجامدەدات.

 

ڕۆژانە بۆ کاری بازرگانی و کاری دیکە هاووڵاتیان و شۆفێرانی بارهەڵگر بەدەروازە سنورییەکانی هەرێمدا تێپەڕدەبن، بەتایبەت لەدەروازەی سنوریی باشماخی نێوان هەرێم و ئێران، لەکاتی هاتوچۆکردنیشدا لە دەروازەکە پشکنینی کۆرۆنایان بۆ دەکرێت و هەر پشکنینێکیش بەرامبەر 60 هەزار دینار دەکرێت.

 

ناس کورد زانیویەتی، ئەو کارەش لە دەروازە سنورییەکە دراوەتە کۆمپانیایەک بەناوی "ڕەزگە" و بەشێکی زۆری پارەکە بۆ ئەو کۆمپانیایە دەچێت، وەک ڕەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە هەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی: "پارەی پشکنینەکان بۆ کۆمپانیایە و تەنها ڕێژەیەکی زۆر کەمی نەبێت دەدرێت بە کارمەندانی تەندروستیی ناو دەروازە سنورییەکە."

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەروازە سنورییەکە بەناس کوردی ڕایگەیاند: "ڕۆژانە 100 بۆ 150 کەس لە سەروازە سنورییەکە پشکنینیان بۆ دەکرێت."

 

بەپشت بەستن بەو ژمارەیە دەردەکەوێت، مانگانە بەبڕی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار تەنها لەدەروازەی سنوریی باشماخ دەکرێت لەلایەن کۆمپانیای ناوبراوەوە.

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بۆ ناس کورد ئاشکراکرد، بڕیارە بەمنزیکانە، کارمەندانی تەندروستیی دەروازەکەش چیتر کارەکە نەکەن و تەنها کۆمپانیاکە بەو کارە هەستێت.

 

هەر لەوبارەیەوە، ڕەمەزان نامیق ئاماژە بەوەدەکات، لەکاتی ئەنجامدانی پشکنینەکەدا پسوڵەیەکی 25 هەزار دیناری دەبڕدرێت، بەڵام 60 هەزار دینار وەردەگیرێت.

 

لەوبارەیەوە سەرچاوەکەی دەروازەی سنوریی باشماخ باسی لەوەکرد، ڕاستە پسوڵەکە 25 هەزار دینارە، بەڵام بەکۆی کارەکان 60 هەزار دینار لەو کەسە وەردەگیرێت کە پشکنینەکەی بۆ دەکرێت.