گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە

ئەڤێنجەرز ئیند گەیم سینەماکانى هەرێمى قەرەباڵغ کردووە

2019.04.27 - 14:16
 ئەڤێنجەرز ئیند گەیم  سینەماکانى هەرێمى قەرەباڵغ کردووە

ناس کورد- شەهرام عەزیز

فیلمی ئەڤێنجەرز ئیندگەیم (Avengers Endgame) کە بەشێکە لە زنجیرە فیلمەکانی ئەڤێنجەرز و لەلایەن ستۆدیۆکانى مارڤێڵەوە بەرهەمهێندراوە، لە ئێستادا لە سینەماکانی هەرێم پەخش دەکرێت و ژمارەی پێوانەیی لە سەیکردنی بینەردا لە هەرێمى کوردستان تۆمارکردووە.

.

فەرمانبەرێک لە ناوەندی فرۆشتنی بلیت لە سیتی سینەمای سلێمانی بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: " لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا فیلمەکە لە سینەماکەمان نمایش کراوە و بینەرێکی زۆری هەبووە، بەشێوەیەک لەو دوو ڕۆژەدا نزیکەی دوو هەزار و 500 بلیتى فیلمى ئەڤێنجەرز فرۆشراوە، کە ئەوەش یەکەمجارە ڕووبدات و ژمارەی پێوانەییە".

.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوو ڕۆژ پێش نمایشکردنی فیلمەکە هاوڵاتیان بلیتیان کڕیوە و  فیلمەکە تا سێ هەفتەی دیکە هەموو ڕۆژیک نمایش دەکرێت.

.

 

 

.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

شاهۆ عەلی، یەکێک لەو گەنجانەی کە دوو ڕۆژ سەردانی سینەماکەی کردووە بۆ دەستکەوتنی بلیتی تەمەشاکردنی فیلمەکە و دواجار لە ڕۆژی دووەمدا پێنج کاتژمێر بەر لە نمایشکردنی فیلمەکە بلیتی دەستکەوتووە، بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، ماوەیەکی زۆرە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی نمایشکردنی ئەڤێنجەرز ئیندگەیم دەکات، خۆشحاڵیشە دواجار لە دووەم ڕۆژی نمایشکردنی فیلمەکەدا بلیتی دەستکەوتووە بۆ تەماشاکردنى ئەو فیلمە.

.

ئەو هەوادارەی فیلمە سینەماییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشحاڵە لە سینەماکانی کوردستان دەتوانێت هاوکاتی وڵاتانی دیکە تەماشای فیلمە دڵخوازەکانى بکات.

.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

هاوشێوەى سلێمانى لە دهۆکیش پێشوازى لە ئەڤێنجەرز ئیند گەیم کراوە، کارمەندێکى ناوەندى فرۆشتنى بلیت لە "دهۆک سینەماکس" بە ناس کورد-ى ڕاگەیاند، هاوکاتى وڵاتانى دیکە فیلمەکەیان پەخش کردووە و بەدەمەوەچوونى هەوادارانى ئەو فیلمە نائاسایی بووە و ڕێژەیەکى زۆر بینەرى هەبووە.

.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد، نرخی بلیتی تەماشاکردنی فیلمەکە بەهۆی زۆری خواست لە سەریی، لە سینەماکانى هەرێم کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە و نرخەکەی بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە.

.

لە ئاستى جیهانیشدا فیلمى ئەڤێنجەرز ئیند گەیم جیاواز لە بەشەکانى دیکەی و فیلمەکانى ستۆدیۆکانى مارڤێڵ، بەگەرم و گوڕیەوە پێشوازى لێکراوە، لە دوو ڕۆژى یەکەمى نمایشکردنى ئەو فیلمەشدا لە ئاستى جیهاندا داهاتەکەى گەیشتۆتە 305 ملیۆن دۆلار، کە لەزۆربەى وڵاتان بەتایبەت ئەمریکا و کەنەدا ژمارەى پێوانەیی تۆمارکردووە.

.

لە ڕووى داهاتەوە فیلمى ئەڤاتار لەئێستادا خاوەنى ژمارەى پێوانەییە، بەجۆرێک کۆى داهاتى ئەو فیلمە 2 ملیار و 788 ملیۆن دۆلارە، بەشێک لە هەوادارانى فیلمى ئەڤێنجەرز لەو بڕوایەدان داهاتى فیلمى ئەڤێنجەرز ئیند گەیم ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات و ئەڤاتار تێپەڕێنێت.

.

.