ناس کورد-
هێزە سەربازییە تایبەتەکانى عێراق تا ئێستا شەش گەورە بەرپرسیان دەستگیرکردووە، لە چوارچێوەى ئەو هەڵمەتەى لیژنەى لێکۆڵینەوە لە تاوانە گەورەکانى گەندەڵى و تاوانە نائاساییەکان دەستیپێکردووە، ئەوەش بەوتەى سەرچاوەیەکى باڵاى ئەمنى بۆ ناس کورد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەکە ئاشکرایکرد، دوێنێ سێشەممە هێزێکى سوات ئەحمەد ساعدى، بەڕێوەبەرى پێشووى دەستەى گشتى خانەنشینى لەماڵەکەى خۆیدا دەستگیرکردووە و بەرەو بارەگاى هێزەکە گواستوویەتییەوە و رەوانەى بەردەم دادوەرى لێکۆڵینەوە دەکرێت.
وتیشى، "شەشى بەرپرس تائێستا دەستگیرکراون لەهەمان هەڵمەتدا"، بەبێ ئەوەى ناوەکانیان ئاشکرابکات و جەختیکردەوە لەکاتێکى گونجاودا لەرووى یاساییەوە ناوەکان ڕادەگەیەنرێت.
سەرچاوەکە باسى لەوەشکرد، لیژنەکە حەوت دۆسیەى گەورەى گەندەڵى رادەستکراوە و کاردەکات بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى دەستگیرکردنى تۆمەتباران و وتى "هەڵمەتەکە سەرە گەورەکانى گەندەڵى دەگرێتەوە، قۆناغى داهاتووى هەڵمەتەکە ژمارەیەک گەورە بەرپرسى ناوچەیی لەخۆدەگرێت".
لیژنەى لێکۆڵینەوە لە تاوانە گەورەکانى گەندەڵى و تاوانە نائاساییەکان رۆژى 27ى ئاب لەلایەن مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانەوە پێکهێنراوە و ماوەى هەفتەیەکە دەستبەکاربووە.
لەچەند رۆژى ڕابردودا ئەحمەد مەلا تەڵال وتەبێژ بەناوى سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایگەیاندبوو، بەم نزیکانە دەستگیرکردنى چەند ناوێکى گەورە دەبیستن بەهۆى تێوەگلانیان لە گەندەڵییەوە.