گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لە عێراق 10 هەزار خێزان قەرەبوو کراونەتەوە

قوربانیانی دەستی تیرۆر لە هەرێم قەرەبوو دەکرێنەوە؟

2019.04.27 - 09:07
قوربانیانی دەستی تیرۆر لە هەرێم قەرەبوو دەکرێنەوە؟

ناس کورد- شەهرام عەزیز

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم ڕایگەیاند، لە بەغدا زیاتر لە 10 هەزار قوربانی دەستی تیرۆر قەرەبووکراونەتەوە و قەرەبووەکە هەرێمیش دەگرێتەوە، بەڵام پێویستی بە لیژنەیەکە و لە هەرێم ئەو لیژنەیە پێکنەهێندراوە.

.

فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "بڕیاری قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆر، لە باشور و ناوەڕاستی عێراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزار خێزان قەرەبووکراونەتەوە".

.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە هەرێم، وتەبێژی وەزاەتی شەهیدان ئاماژەی بەوەکرد، لە بەغدا لیژنەیەک  پێکهێندراوە تایبەت بەو پرسە و چۆنێتی قەرەبووکردنەوەکە، بەڵام لە هەرێم تا ئێستا ئەو لیژنەیە پێکنەهێندراوە بۆیە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە لیژنەکە ڕێژەی قوربانیان و ڕێژەی بریندارییەکەیان و چۆنێتی قەرەبووکردنەوەیان دیاری دەکات.

.

"داوامان لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرەیاتی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تیرۆر کرد، ئەو لیژنەیە لە هەرێمیش پێکبهێندرێت، ئەوانیش داوایان لێکردین نوێنەری خۆمان دیاری بکەین لە لیژنەکە، کە پێویستی بە نوێنەری هەندێک وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی هەیە و ئێمە وەک وەزارەتی شەهیدان نوێنەرمان دیاریکردووە و چاوەڕوانین لیژنەکە پێکبهێندرێت"، فوئاد عوسمان وای وت.

.

بە وتەی وتەبێژەکەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، خێزانی هەر شەهیدێک بە بڕی 50 ملیۆن دینار قەرەبوو دەکرێنەوە و ئەوانەشی بریندارییەکەیان 75٪ زیاترە حسابی شەهیدیان بۆ دەکرێت لە قەرەبوو کردنەوەکەدا.

.

بە گورێرەى ئامارێکى وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان، ژمارەى ئەو پێشمەرگانەى لە شەڕى داعشدا شەهیدبوون هەزار و 720 پێشمەرگەن، هەروەها هەزار و 729 پێشمەرگەى دیکە برینداربوون.

.

.