ناس کورد-
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا زۆرترین ژمارەی توشبوون بە کۆرۆنا لەجیهاندا تۆمارکراوە کە زیاتر لە 300 هەزار کەسە و زۆرترینیشیان لە هیندستان و ئەمریکا و بەڕازیلن.
لەڕاگەیەندراوێکدا ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانی ئاماژەى بەوە کرد "لەماوەی یەک ڕۆژدا 307 هەزار و 930 توشبووی نوێ لە جیهاندا تۆمارکراون کە ئەوەش زۆرترین ژمارەی ڕۆژانەیە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە، زۆرترینیشیان لە وڵاتانی هیندستان و ئەمریکا و بەڕازیل بوون".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، هەر لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، پێنج هەزار و 537 توشبووی ڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستداوە.
ژمارەی پێوانەیی لەتوشبوونی ڕۆژانە، پێشتر لە شەشی ئەم مانگەدا تۆمارکرا کە 306 هەزار و 857 توشبوو بوو.
ئەگەرچی جیهان لەچاوەڕوانی کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا و دۆزینەوەی چارەسەرێکدایە بۆ ڤایرۆسەکە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەردەوام زیاتر دەبێت و لەئێستادا زیاتر لە 29 ملیۆن کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و ژمارەی گیانلەدەستدانیش نزیکدەبێتەوە لەیەک ملیۆن کەس.