گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڕەشەیەكی تر بۆ كاڵای نیشتمانی

عێراقییەكان لە رێككەوتنی بەغدا و عەممان نیگەرانن

2019.02.18 - 20:39
عێراقییەكان لە رێككەوتنی بەغدا و عەممان نیگەرانن

 

ناس كورد - هەڤاڵ فەتاح

 

رێككەوتنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و عومەر ڕەزاز سەرۆك وەزیرانی ئوردن لە كۆتایی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لەسەر بەخشینی كاڵا هاوردەكراوەكانی ئوردن بۆ عێراق لە تاریفەی گومرگی نیگەرانی زۆری لەناوخۆی عێراقدا لێكەوتەوەو بەمەترسی لەسەر بەرهەمی نیشتمانی دەزانرێت كە زیانێكی یەكجار زۆر دەگەیەنێت بە هەردوو كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی لە عێراق.

د. باسم ئەنتوان شارەزا لە بواری ئابووری بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند گرنگە عێراق پەیوەندی ئابووری لەگەڵ ولاتانی جیهاندا هەبێت، بەڵام دەبێت ئەو پەیوەندییانە لەسەر بنەمای دروسكردنی هەلی وەبەرهێنان كارابێت لە عێراق‌و وا بكات وڵات بپارێزێت لە پرۆسەی هاوردەكردنی هەڕەمەكی، لە هەمانكاتیشدا هۆكارێك بێت بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری و هەژاری.

ئەنتوان لەبارەی ناوەرۆكی رێككەوتنەوە وتی: دەبێت رێككەوتنەكە مەرەكەبی سەر كاغەز نەبێت، دەبێت بە كرداری كار بە بەندەكانی بكرێت بۆ ئەوەی زۆرترین سوودی هەبێت بۆ هەردوولا.

ئەو شارەزایە روونیكردەوە كە دەبێت حكومەتی عێراق لەڕێگای لیژنە تایبەتەكانی لەوە دڵنیابێت كە ئەو شمەكانە لە ئوردن دروست كراون و كاڵای هاوردەكراو نین بۆ ئەو وڵاتە. وتیشی:"دەبێ‌ت حكومەتی عێراق چەخت بكات لە سەر وەبەرهێنان و دروستكردنی ئەو كارگانەی كالا پیویستەكان بەرهەم دەهێنن بۆ ئەوەی چەند ساڵی داهاتوو هاوردە نەكرێن وعێراق بتوانیت پێویستی ناوخۆی دابین بكات، هەروەها دەبێت كەرتی پیشەسازی تایبەت زیندوو بكرێتەوە و پرۆژە پیشەسازییە تایبەتە كەڕاوەستاوەكان كارا بكرێنەوە".

ئەنتوان زیاتر وتیشی:"ئەگەر عێراق  توانی بە شێوەیەكی باش ئەم ڕێككەوتنە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاربێنێ‌ت ئەوا سوودیكی زۆری دەبێ‌ بۆ گەلی عێراق".

بەپێ‌ی ڕێككەوتنەكە عێراق 541 جۆر كاڵای ئەو وڵاتە لە تاریفەی گومركی دەبەخشێت و بەپێ‌ ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە كانەوە دەستمان كەوتوون، ئوردن لیستێكی داوەتە هەردوو وەزارتی بازرگانی و پیشەسازی عێراق لە 750 جۆر كاڵا پێكهاتووە‌و تائێستا عێراق ڕازی بووە لەسەر بەخشینی 541 جۆر شمەك لە تاریفەی گومرگی.

لەلایەكی ترەوە وەزارتی پیشەسازی عێراق بۆ ڕەواندنەوەی ئەو مەترسیێانە لای هاونیشتمانیان دروست بوون چەختی كردەوە لەسەر سەر پاراستنی كاڵا نیشتمانییەكان و رایگەیاند ئەو بەخشینانە ئەو كاڵایانە ناگرنەوە كە لە ناوخۆی وڵات بەرهەمدەهێنرێن  و بەهیچ شێوەیەك لەسەرحیسابی بەرهەمە نیشتمانییەكان نییە.

هاوكات عێراق لە ڕێككەوتنەكەدا چەند مەرجێكی بۆ ئوردن داناوە بۆ جێبەجیكردنیان لەۆانە: سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی كارگە ئوردنییەكان و پابەندوونی ئەو ولاتە بە كارنامەی كشتوكاڵی عێراق و ڕێككەوتنەكە ئەو كاڵایانە ناگرێتەوە  كە كارگە ناوخۆییەكانی عێراق بەرهەمیان دەهێنن.

ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكە پێكهاتووەو لە " كەمكردنەوەی نرخی نەوتی هەناردەكراوی عێراق بۆ ئوردن و دروستكردنی شارێكی پیشەسازی هاوبەش و كەمكردنەوەی باج لە سەر كاڵا هاوردەكراوەكان بۆ عێراق لە بەندەری عەقەبەوە بە ڕێژەی 75%.

هەر بەپێ‌ رێككەوتنەكە  عێراق ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوتی كێلگەكانی كەركوك هەناردەی ئوردن دەكات بە نرخێكی هەرزان، ئوردنیش لە دووساڵی داهاتوودا دەست بە هەناردەكردنی وزەی كارەبا بۆعێراق دەكات.

عێراق لە كۆتایی ساڵی 2016 لە 30%ی باجی گومركی لەسەر كاڵاكانی ئوردن زیادكرد بەتایبەتی دوای داخستنی دەروازی سنووری ترێبیل لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەهۆی كونترۆلكردنی لەلایەن داعشەوە، بەڵام ئوردن بەردەوام بوو لە هەناردەكردنی شمەكو كاڵا بۆ عێراق لەرێگای سعودیە – كوەیت – بەسرە.

لەسەرەتای ساڵی 2014یشدا ڕێژەی ئاڵوگۆری بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا گەیشتە یەك ملیار و 200 ملیون دۆلار، بەڵام  ئاستی ئالۆگوركردن لە ناوەڕاستی 2014 و ساڵی 2015  بە ڕیژەی 40 % كەمی كرد بە بەهای زیاتر لە 695 ملیون دۆلار.