گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد بەرنامەى سەردانەکە بڵاودەکاتەوە

مستەفا کازمى سەردانى سلێمانى و هەڵەبجە دەکات

2020.09.11 - 10:33
App store icon Play store icon Play store icon
مستەفا کازمى سەردانى سلێمانى و هەڵەبجە دەکات

ناس کورد-

لەمیانەى سەردانەکەى بۆ هەرێمى کوردستان و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى سلێمانى و هەڵەبجە دەکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

پەیامنێرى ناس کورد لە سلێمانى رایگەیاند "بڕیارە لە کاتژمێر 11ى ئەمڕۆ (هەینى) مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و شاندى یاوەرى لە ڕێگەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانییەوە بگاتە شارى سلێمانى و لەپاش کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى حکومەت و حزبى شارەکە سەردانى پارێزگاى هەڵەبجە دەکات".

 

پەیامنێرى ناس کورد وتیشى، لەیەکەم وێستگەى سەردانەکەى بۆ شارى سلێمانى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى کۆدەبێتەوە و هەروەها لەگەڵ بەرپرسانى یەکە ئیدارییەکانى ئەو شارە و ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى کۆدەبێتەوە.

 

ئاماژەى بەوەش کرد، لەنیوەڕۆدا مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و شاندى یاوەرى سەردانى مێرگەپان دەکات و بەشدارى ئەو نیوەڕۆ خوانە دەکات کە د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق بۆ کازمى و شاندە یاوەرەکەى و لایەنە سیاسیەکان سازى کردووە.

 

پەیامنێرى ناس کورد رونیکردەوە، لەپاشنیوەڕۆدا مستەفا کازمى سەردانى پارێزگاى هەڵبەجە دەکات و لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانى ئەو پارێزگایە کۆدەبێتەوە و مۆنۆمێنتى شەهیدانى هەڵەبجە بەسەردەکاتەوە و هەروەها سەردانى مەرزى باشماخ دەکات و لە شێوازى کارى مەرزەکە دەکۆڵێتەوە.

 

دوێنێ (پێنجشەممە) مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە سەردانێک گەیشتە هەرێمى کوردستان و لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسى حکومەتى هەرێمەوە پێشوازى لێکرا.      

 

کازمى لە سەردانەکەیدا لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان کۆبوەوە  و کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا گفتگۆى لەبارەوە کرا و لەپاشان سەردانى زاخۆى کرد و دەروازەى سنورى ئیبراهیم خەلیلى بەسەرکردەوە.