گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەکەکە وەڵامى چاوش ئۆغڵۆ دەداتەوە: داگیرکردنی هەولێر تەنها پلانی کۆماری تورکیایە

2020.09.11 - 09:13
App store icon Play store icon Play store icon
پەکەکە وەڵامى چاوش ئۆغڵۆ دەداتەوە: داگیرکردنی هەولێر تەنها پلانی کۆماری تورکیایە

ناس کورد-

پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) لە راگەیەندراوێکدا وەڵامى لێدوانەکانى ئەمدواییەى وەزیرى دەرەوەى تورکیاى دایەوە و رایگەیاند " داگیرکردنی هەولێر تەنها پلانی کۆماری تورکیایە".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

لە راگەیەندراوى کۆمیتەى دیپلۆماسیی پەکەکە ئاماژە بەوە کراوە، ئەو لێدوانەی مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەى تورک، کە وتبوی 'پەکەکە دەیەوێت دەستبەسەر هەولێردا بگرێت'، 'لێدوانێکى بێچارە بوونە'. رۆژەڤی دەستبەسەرداگرتنی هەولێر تەنها پلانی ناوەندەکانی شەڕی دەوڵەتى تورکە".

 

 لە راگەیەندراوەکەى پەکەکەدا هاتووە "هەولێر پایتەختی باشووری کوردستانە. سلێمانیش دووەم گەورە شارە... هێنانە پێشەوەى رۆژەڤێکی وەک دەستبەسەرداگرتنی هەولێر، تەنها دەکرێت لە پلانی ناوەندەکانی شەڕی تایبەتی کۆماری تورکیادا بێت. ئامانجى ئێمەى پەکەکە ئەوەیە، کە داگیرکەریی کۆماری تورکیا لە کوردستان کۆتایی پێبهێنین و دەریان بکەین و کوردستان ئازاد بکەین".

 

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا پەکەکە بە مافى خۆى زانیوە لە هەموو کوردستاندا تێبکۆشێت.

 

لەبەشێکى ترى راگەیەندراوەکەى پەکەکەدا ڕەخنە لە پارتى دیموکراتى کوردستان گیراوە و بەوە تۆمەتبار کراوە کە هاوکارى داگیرکارى تورکیا لە هەرێمى کوردستان دەکات و لەبەشێکى راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "هێرشی داگیرکەریی کۆماری تورکیا، کە لە ١٦ی حوزەیران دا بۆ سەر ناوچەی حەفتانین لە خاکی باشووری کوردستاندا و لە ناوچەکانی پاراستنی مەدیا دا دەسیپێکردووە تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە. لە رای گشتیی کوردستان و جیهاندا ئەوە دەزانرێت، کە لە پرۆسەى داگیرکەریدا پەدەکە بە دزییەوە و بە شاراوەیی پشتیوانی و هاکاریی ئەو داگیرکەرییەی کردووە. پەدەکە بە پاساوی هەبوونی پەکەکە و گەریلاکانی ئازادی دەیەوێت هێرشە داگیرکەری و پاکتاوکاری و سڕینەوەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر حەفتانین، شەنگال و مەخمور پێشبخات و رەوایی پێدەدات و بە مافدارانەى دەزانێت. هۆکاری هەموو ئەو لێدوان و راگەیاندراوانەش ئەوەیە، کە پشتیوانی و هاوکارییە ئاشکرا – شارواوەکەیان بشارنەوە".   

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "پەکەکە و گەریلاکانی ئازادیی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە لە هەموو کوردستاندا تێبکۆشن. پەکەکە هێزێکى داگیرکەر نییە، کە کوردستانی داگیرکردبێت و یان شەرعیەت و رەوایی بە داگیرکەریی کوردستان دابێت، یان داگیرکەری قبوڵ کردبێت، بەڵکو تێکۆشان و بەرخودان لە دژی داگیرکەری لە ستراتیژیای سەرەکیی خۆیدا چەسپاندووە".

 

پەکەکە لە راگەیەندراوەکەیدا وتەکانى مەولود چاوش ئۆغڵۆ بەدرۆدەخاتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە "قسەکانی مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی فاشستی دەوڵەتی تورک کە وتبووی 'پەکەکە دەیەوێت دەستبەسەر هەولێردا بگرێت' نیشانەى بێچارەبوونیانە لە بەرامبەر بەرخودانی گەریلادا، بۆیە ئەو قسانە دەکەن. پەکەکە حیزبێکى کوردستانییە و لە هەموو ناوچەکانی کوردستان درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات".

 

ئاماژە بەوەش کراوە، هەولێر پایتەختی باشووری کوردستانە و سلێمانی دووەم گەورە شارە. هەم ئەو شارە و هەمیش گەلەکەمان لە باشووری کوردستان، رێزێکی زۆر گەورە لە تێکۆشانی پەکەکە و گەریلا قارەمانەکان و لایەنگرەکانیان دەگرن.