ناس كورد-
هەردوو دەروازەی سنوری شوشمێ و سومار لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ئێرانەوە بە رەسمی ناسێنران و لە ماوەیەكی نزیكدا سەرجەمی پێداویستییەكانی بۆ دابین دەكرێت.
.
لە راگەیەندراوێكی پارێزگای كرماشان ئاماژە بەوە كراوە، محەمەد ئیبراهیم ئیلاهی تەبار یاریدەدەری سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی پارێزگاری كرماشان لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆكی فەرمانگەی دەروازە سنورییەكانی عێراق و وەفدێكی هاوڕێی كە لە دەروازەی سومار بەڕێوەچووە، رایگەیاندووە كە وەزارەتی ناوخۆی ئێران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بە رەسمی ناساندنی دەروازەی سنوری شوشمێ و سومار.
.
بەوتەی یاریدەدەری سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی پارێزگاری كرماشان، لە ئایندەیەكی نزیكدا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێداویستییەكانی هێنان و بردنی كاڵا و هاتوچۆی گەشتیاران لەو دوو دەروازە سنورییە دابین دەكرێت.
.
جەختیشی لەسەر ئەوە كردۆتەوە، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو دوو دەروازە سنورییە پێویستی بە هاوكاریی دوو قۆڵی نێوان عێراق و ئێرانە.
.
و جەختیشی كردەوە كە بە رەسمیكردنی مەرزی سومار و شۆشمێ و پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، زەمینەی هەڵكشانی هاوكاریی و لابردنی بەربەستەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق بەهێزتر دەكات.
.
دەروازەی شوشمێ دەكەوێتە سنوری نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگای كرماشان لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
.