گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شاندێکی پارتی و نوری مالیکی کۆبوونەوە و لەسەر پرسێک ڕێککەوتن

2020.09.10 - 18:01
شاندێکی پارتی و  نوری مالیکی کۆبوونەوە و لەسەر پرسێک ڕێککەوتن

ناس کورد-

شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەوە و هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لەپرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکاندا هەماهەنگ بن و پرسی فرە بازنەیی لە هەڵبژاردن ڕەتبکەنەوە.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئەیلولی 2020، نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموكراتی كوردستان خەسرەو گۆران، بەرپرسی هەلبژاردنەكانی پارتی کرد و سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی نوری مالیکی، هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی نێوان دەوڵەتی یاسا و پارتی کردووەتەوە لە پرسی هەلبژاردنەكان و بابەتی دیکەش.  

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دەوڵەتی یاسای مالیكی و شاندەكەی پارتی ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی هەردوولا هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان بەشێوەی بە فرەبازنەیی ڕەتبكەنەوە.

 

پارتی و دەوڵەتی یاسا ئاماژەیان بەوەشكردووە: " پێویستە هەر پارێزگایەك یەك بازنەبێت و پشت بە یاسای سانت لیگۆ ببەسترێت بۆ هەڵبژاردنەکان، هەروەها ناسنامەی ئەلیكترۆنی لە هەڵبژاردنەكان ڕێگەی پێنەدرێت و تەنها پشت بە كارتی بایۆمەتری ببەسترێت.

 

پرۆژەیاسای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان کە ئێستا لە پەرلەمانەو نەبووەتە یاسا، مشتومڕێکی زۆری لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا لەسەر دروستبووە، بڕیاریشە لەمانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق بەڕێوەبچێت، هەربۆیە لەئێستاوە لایەنە سیاسییەکان کەوتوونەتە گفتوگۆ بۆ هەماهەنگی لەسەر چۆنێتی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە.