گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێکخراوە جیهانییەکان: ئەگەر سنورێک بۆ کۆرۆنا دانەنرێت برسێتى و هەژارى زیاتر ڕوودەکەنە جیهان

2020.09.10 - 17:26
ڕێکخراوە جیهانییەکان: ئەگەر سنورێک بۆ کۆرۆنا دانەنرێت برسێتى و هەژارى زیاتر ڕوودەکەنە جیهان

ناس کورد- 

دوو ڕێکخراوى گەورەى جیهانی هۆشدارى دەدەن ئەگەر سنورێک بۆ کۆرۆنا دانەنرێت و چارەسەرێکى بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوا دۆخێکى زیاتر لەململانێ و برسێتى و هەژارى ڕوو لەجیهان دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش داواى زیاترکردنى پاڵپشتی یەکگرتووى وڵاتان دەکرێت بۆ دۆزینەوەى چارەسەر و هەروەها چارەسەر کردنى قەیرانە ئابوورییەکان کە بەو هۆیەوە سەریانهەڵداوە.

 

لەسەرەتای سەرهەڵدانیەوە ڕۆژ لەدواى ڕۆژ و تا ئێستا، ڤایرۆسى کۆرۆنا زاناکانى سەرسام و خەڵکى سەرقاڵکردووە، مەگەر لەگەڵ دۆزینەوەى چارەسەرێکدا یاخود بەردەستخستنى ڤاکسینێکدا ئیدى کۆتایى بەو بەڵایە بێت.

 

لەبارەی زیانەکانی ڤایرۆسەکەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئەیلول، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، ڕەنگە ئەو پەتایە ململانێ و برسێتى و هەژارى زیاتر بەدواى خۆیدا بهێنێت لەجیهاندا.

 

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، سندوقى دراوى نێودەوڵەتى ڕایگەیاند، قەیرانى کۆرۆنا هێشتا کۆتایى نەهاتووە و داواى هاریکارى کردنى وڵاتانیش دەکات بۆ گەرەنتى کردنى پاڵپشتییەکان بۆ پیشخستنى ڤاکسێنێک.

 

لەوتارێکی هاوبەشیاندا کە گۆڤارى فۆرن پۆڵسى بڵاویکردووەتەوە، کریستالینا جۆرجیفا، بەڕێوەبەرى سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ژیتا جۆبیناسى، شارەزاى ئابوورى ڕایانگەیاندووە، چارەسەرکردنى دۆخى ئابورى ئیستا لەئەنجامى چەسپاندنى خێرا و پاڵپشتى زیاتر لەلایەن حکومەت و بانکە ناوەندییەکانەوە دەبێت و پێویستییەکى زیاتر بۆ خستنەگەڕى هەوڵەکان هەیە.

 

باسیان لەوەش کردووە، چاکبوونەوەى دۆخەکە هێشتا نەهاتووەتە دى و لەسەر جیاوازى ناوچەکان و کەرتەکان ڕاوەستاوە، ئەوەش بۆ بەردەوامى ڕێڕەوى چارەسەر بەرەو ئاسایى بوونەوە، پێویستى بەڕانەوەستاندنى پاڵپشتییەکان هەیە تا دۆزینەوەى ڕێگە چارەیەک بۆ پەتاکە.

 

سندوقى دراوى نێودەوڵەتى داوای پاڵشتى بەپەلەى بۆ 75 وڵات کردووە کە 48 وڵاتیان داهاتیان نزمە و ئامادەى خۆشیى پیشانداوە بۆ پیشکەش کردنى هاریکارى زیاتر.

 

بەپێى ئامارە فەرمییەکان ژمارەی مردن بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە جیهاندا 900 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.