گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’پێویستە کازمى 3 دۆسیەى گرنگ یەکلایى بکاتەوە’

پەرلەمانتارێک: سەردانەکەى کازمى بۆ هەرێم لەسەر داواکارى پەرلەمانتارانى ناڕازى کورد بووە

2020.09.10 - 13:24
پەرلەمانتارێک: سەردانەکەى کازمى بۆ هەرێم لەسەر داواکارى پەرلەمانتارانى ناڕازى کورد بووە

ناس کورد- 

پەرلەمانتارێکى کورد لەپەرلەمانى عێراق ئاشکراى کرد، سەردانەکەى کازمی  بۆ هەولێر دواى داواکارییەکى بەردەوامى ژمارەیەک لەپەرلەمانتارانى ناڕازى لە سیاسەتەکانى هەرێم بووە و داواش دەکات لەسەردانەکەیدا سەرۆکوەزیران 3 دۆسییەى گرنگ یەکلایى بکاتەوە.

 

لەڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە، سەرکەوت شەمسەدین پەرلەمانتارى کورد لەبەغدا ڕایگەیاند، پێویستە لەسەردانەکەیدا بۆ هەولێر مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانى عێراق 3 دۆسیە یەکلایى بکاتەوە ئەوانیش دۆسیەى نەوت و خاڵە سنورییەکان و چوونى چاودێرانى دارایى فیدراڵی بۆ هەرێم بەمەبەستى وردبینیکردن لەژمارەى فەرمانبەران و داهاتەکانى هەرێمدا.

 

شەمسەدین ئەوەشى ڕونکردووەتەوە، سەردانەکە لەدواى داوکارى بەردەوامى پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسیۆنى سیاسەتەکانى هەرێمەوە هات لەپەرلەمانى عێراق، ئەوەش بەمەبەستى جوڵان لەدژى بڵاوبونەوەى گەندەڵى لەهەرێم و هەروەها گرتنەبەرى هاوشێوەى ئەو ڕێگاچارانەى کە دەسەڵاتى فیدراڵ لەدژى گەندەڵکاران گرتویەتیە بەر.

 

ئەمڕۆ مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە سەردانێک گەیشتە هەرێمى کوردستان و لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسى حکومەتى هەرێمەوە پێشوازى لێکرا.    

  

کازمى لە سەردانەکەیدا لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە و کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا گفتگۆى لەبارەوە دەکرێت و لەپاشان سەردانى زاخۆ دەکات و سبەینێ (هەینى) سەردانى شارى سلێمانى دەکات.    

  

ناس کورد زانیوویەتى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە پارێزگاى هەولێر و دهۆک و سلێمانى سەردانى دەروازە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان دەکات وەک ئاماژەیەک بۆ بەستنەوەى ئەو دەروازە سنورییانە بە دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراقەوە.