گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمڕۆ تەرمەکانیان لە چەمچەماڵ بە خاک دەسپێردرێن

ناس کورد وردەکارى زیاتر لەسەر کوشتنى دوو کچەکەى چەمچەماڵ ئاشکرا دەکات

2020.09.10 - 12:38
ناس کورد وردەکارى زیاتر لەسەر کوشتنى دوو کچەکەى چەمچەماڵ ئاشکرا دەکات

ناس کورد - هەڤاڵ  غالب

ئەمڕۆ تەرمی ئەو دوو کچەی دوێنێ (چوارشەممە، ٩ی ئەیلولى 2020) لە گوندێکی نزیک چەمچەماڵ لە چاڵێکدا شاردرابوونەوە لە پزیشکی دادی سلێمانیەوە دەهێنرێنەوە چەمچەماڵ و بە خاک دەسپێردرێن .

 

ڕەمک ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ بە ناس کوردى ڕاگەیاند "دوای ئەوەی کەسوکاری دوو کچەکە ئامادە نەبوون تەرمەکانیان وەربگرنەوە  ئەمڕۆ لەلایەن ئیدارەی چەمچەماڵەوە بە هاوکاری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان تەرمەکانیان لە پزیشکی دادی سلێمانی وەردەگیرێتەوە و بەخاک دەسپێردرێن".

 

وتیشی " لە مەراسیمێکدا تەرمەکانیان دەهێنرێتەوە و دەشۆردرێت و کفن دەکرێت و نوێژیان لەسەر دەکرێ و بەخاک دەسپێردرێن ".

 

 قائیمقامی چەمچەماڵ ئاشکراشی کرد فەرمانی گرتن بۆ باوکی کچەکان دەرکراوە و تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە .

 

گوندی برایم ئاغا لە سنوری قەزای چەمچەماڵ ئەو گوندە بوو کە تەرمی کچەکانی تێدا شاردرابوونەوە و پاش شەش ڕۆژ لەلایەن پۆلیسەوە تەرمەکانیان دۆزرایەوە و دەرهێنرا و لە ئێستاشدا پەڕاوەکانیان لە بنکەی پۆلیسی چەرمووە لە چەمچەماڵ .

 

کچەکان ناویان ئاوارە و هێلینە و تەمەنیان ١٧ ساڵ و ١٩ ساڵە و مانگی تەموزی ئەمساڵ سکاڵایان لە توندوتیژی خێزانی چەمچەماڵ تۆمارکردووە و براونەتە شەڵتەری ئافرەتان پاش مانگێک تەنەزولیان لە سکاڵاکانیان کردووە و چونەتەتەوە ماڵی خۆیان و لەلایەن دادوەرەوە بەڵێننامە بەباوکی پڕکراوەتەوە .