ناس کورد - هەڤاڵ غالب
کەمێک لەمەوبەر لە ڕێگای سەرەکی کەرکوک -سلێمانی و لەبانی مەقان ڕووداوێکی هاتوچۆ ڕوودا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی تر برینداربوون .
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شێرزاد محەمەد، ڕێگەپێدراوی هاتوچۆ و لێپرسراوی ڕاگەیاندنی هاتوچۆی چەمچەماڵ بە ناس کوردى ڕاگەیاند " کەمێک لەمەوبەر لە پێچی بانی مەقان لە نزیک چەمچەماڵ ڕووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان سێ ئۆتۆمبیلدا ڕوویدا کە دوو لە ئۆتۆمبیلەکان لە کەرکوکەوە بە ئاراستەی چەمچەماڵ هاتون و ئۆتۆمبیلەکەی تر لە شەقامی بەرامبەر بووە".
وتیشی" ئۆتۆمبیلێکی جۆری لاندکلۆزەر و ئۆتۆمبیلی جۆری کلایزلەر پێکیانداداوە و ئۆتۆمبیلی کلایزلەر چووەتە سایدی بەرامبەر و لە بارهەڵگرێکی داوە بەهۆیەوە شۆفێری لاندکلۆزەرەکە گیانی لەدەستدا و چوارکەسیش بریندارن".
لەبارەى قوربانییەکانى رووداوەکەوە شەریف ڕەحیم، وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ بۆ ناس کوردی ڕونکردەوە "تەرمی کەسێکی بە ڕەگەز عەرەب تەمەن٤٢ ساڵ و چوار بریندار کە لە نەتەوەی کورد و عەرەبن و سەرجەمیان پیاون هێنرایە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ کە لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا بوونەتە قوربانی".
وتیشی "دوان لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کران و دوو برینداریش لە چەمچەماڵ چارەسەر دەکرێت و تەرمەکەش بۆ پزیشکی دادوەری سلێمانی ڕەوانە کراوه ".
ڕێگای بانی مەقان بە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێگاکان دادەنرێت و هەفتانە چەندین ڕوداوی هاتووچۆی تێدا ڕوودەدات و ئەو شاقامە پێویستە نۆژەن بکرێتەوە و پێچی مەترسیداری شەقامەکە لاببرێت.