گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەبارەى دروستکردنى گۆڕستان نوسراوى فەرمى ئاراستەى شارەوانى کرد

2020.09.09 - 20:30
جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەبارەى دروستکردنى گۆڕستان نوسراوى فەرمى ئاراستەى شارەوانى کرد

ناس کورد-

جوڵانەوەى نەوەى نوێ بەشێوەیەکى فەرمى بۆ دروستکردنى گۆڕستانێک لەشارى سلێمانى نووسراوى ئاراستەى سەرۆکایەتى شارەوانى سلێمانى کرد و داواى دابینکردنى زەوى دەکات بۆ ئەو پڕۆژەیە.

 

لە نووسراوەکەى جوڵانەوەى نەوەى نوێدا کە وێنەیەکى دەست (ناس کورد) کەوتووە و ئاراستەى سەرۆکایەتى شارەوانى سلێمانى کراوە ئاماژە بەوە کراوە، ئێمە وەک جوڵانەوەى نەوەى نوێ هەروەک پێشتر ئامادەیى خۆمان راگەیاند خزمەتگوزارى گۆڕستانى نوێى شارى سلێمانى بگرینە ئەستۆ، بەبەڕێزتان رادەگەیەنین ئەگەر زەوى دیاریکراوتان بۆ ئەو مەبەستە هەیە، ئێمە بەپلانى ئەندازیارانە و نەخشەى گونجاوى سەردەمیانە، خزمەتگوزارییەکان و ئامێرى بۆ دابین دەکەین".

 

لە نووسراوەکەدا رونکراوەتەوە کە لە بەر بەرژەوەندى گشتى بەبێ بەرامبەر و بە خۆڕایى خزمەتگوزارییەکان پێشکەشى هاووڵاتیان دەکەن.

 

پێدانى گۆڕستانى نوێى شارى سلێمانى بە کۆمپانیایەک لەلایەن شارەوانى سلێمانییەوە و وەرگرتنى پارە لەبەرامبەر ناشتنى مردوو لەو گۆڕستانە تازەیەدا ناڕەزایەتى زۆرى لێکەوتەوە و هەر ئەو کات شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ ڕەخنەى لە پڕۆژەکە گرت و ئامادەیى خۆیانى نیشاندا بۆ دروستکردنى گۆڕستانێک و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى لە گۆڕستانەکە بە هاووڵاتیان بەبێ بەرامبەر و بە خۆڕایى.