گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ڕێگری دەکەن لەچارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا’

کۆمکاری عەرەبی هێرشی توندی کردە سەر ئێران و تورکیا

2020.09.09 - 20:10
کۆمکاری عەرەبی هێرشی توندی کردە سەر ئێران و تورکیا

ناس کورد-

ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتە عەربییەکان سەرکۆنەی دەستێوەردانەکانی تورکیا و ئێرانی کرد لەکاروباری ناوخۆی وڵاتە عەرەبییەکان و بەتوندی هێرشی کردە سەریان، ئاماژەشی بەوەکرد، تورکیا و ئێران دۆخی ناوچەکەیان ئاڵۆزکردووە و ڕێگری دەکەن لە چارەسەرکردنی کێشەکان.

 

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 9ی ئەیلولی 2020) ئەحمەد ئەبوغێت، ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتە عەربییەکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیا عەرەبییەکان وتی "هەموومان دەزانین بژاردەی سەربازی چارەسەر نییە بۆ ئاڵۆزییەکانی لیبیا، تێبینی ئەوەمان کردووە  کرداری دوژمنکارانە و لەشکرکێشی سەربازی لەلایەن هێزە هەرێمایەتییەکان بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی زیادیان کردووە".

 

 ئەمیندارى گشتى کۆمکارى عەرەبى جەختى کردەوە "دەستێوەردانەکانی ئێران و تورکیا لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتە عەربییەکان لەهەڵکشاندایە".

 

 ئەبوغێت ڕوونیکردەوە "پێشتر لەساڵی 2015 لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ بەدواداچونی دەستێوەردانەکانی ئێران لەکاروباری وڵاتە عەربییەکان، بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتەش ئێران هەر بەردەوامە لە سیاسەتی دەستێوەردان کە ئەوەش وایکردووە دۆخەکە بەرەو ئاقارێکی مەترسیدارهەنگاو بنێت، بە تایبەتی لەسوریا و یەمەن".

 

ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتە عەرەبییەکان باسی لەڕەفتارەکانی تورکیاش کرد بە تایبەتی لەعێراق و سوریا و وتى "بەتوندی سەرکۆنەی داگیرکارییەکانی تورکیا دەکەین بۆ سەرخاکی سوریا کە لە ئێستا ڕووبەرێکی فراوانی لەو وڵاتە عەرەبییە داگیرکردووە لە هەمانکاتیشدا دەستیکردووە بە کاری دوژمنکارانە دژ بە عێراق و بەردەوامە لە بۆردوومانەکانی بۆ سەرخاکەکەی" .

 

بەبڕوای ئەبوغێت "دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی تورکیا بۆ ناو کاروباری ناوخۆیی لیبیا دۆخەکەی لەو وڵاتە زۆر ئاڵۆزکردووە".