گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەوەى پابەندی مەرجەکان نەبێت ’لادەر و نەفرەت لێکراوە’

موقتەدا سەدر بۆ دەستپێکردنەوەی نوێژی هەینی لەمزگەوتەکان 15 مەرجی خستەڕوو

2020.09.09 - 18:21
موقتەدا سەدر بۆ دەستپێکردنەوەی نوێژی هەینی لەمزگەوتەکان 15 مەرجی خستەڕوو

ناس کورد–

 ڕێبەرى ڕەوتی سەدر لەعێراق ڕایگەیاند، بۆ دەستپێکردنەوەی نوێژی هەینی لە مزگەوتەکاندا دەبێت نوێژخوێنان پابەندی 15مەرج بن، جەختیلەوەکردەوە، ئەوەى پابەندی ئەو مەرجانە نەبێت "لادەر ونەفرەت لێکراوە".   

 

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 9ی ئەیلولی 2020) موقتەدا سەدر، ڕێبەرى ڕەوتی سەدر لە عێراق لە بارەی چۆنێتی دەستپێکردنەوەی نوێژی هەینی لەهەژماری خۆی لەتویتەر 15 مەرجی بڵاوکردەوە وداوای لە نوێژخوێنان کرد پابەندی ئەو مەرجانە بن. 

 

لە بڵاوکراوەکەی سەدردا هاتووە "نابێت ماوەی هەردوو وتاری نوێژی هەینی لە 15 خولەک زیاتر بێت، پێش ئەنجامدانی نوێژەکەش دەبێت بەشێوەیەکی باش وتەندروست لەلایەن سەرپەرشتارانی مزگەوتەکان وبەهاوکاری لایەنە تەندروستییەکان ئەوشوێنەی کە بۆ نوێژکردن تەرخانکراوە پاکژبکرێت".

 

سەدر داوای کردووە، ئەو کەسانەی کە توشی ڤایرۆسەکە بوون نابێت بەهیچ شێوەیەک نزیکی مزگەوتەکان بکەونەوە و بەپێچەوانەوە هاتنیان بۆ مزگەوت بە(حەرام) و گوناه ناودەبات. 

 

ڕێبەرى ڕەوتی سەدر بەپێویستیزانیوە، نوێژی هەینی لەشوێنە کراوەکاندا ئەنجام بدرێت و لەلایەن سەرپەرشتیارانی مزگەوتەکانەوە پشکنینی خێرا بۆ نوێژخوێنان بکرێت وهەر نوێژ خوێنێکیش بەرماڵ و(توربە)ی تایبەت بەخۆی لە ماڵەوە بهێنێت لەگەڵ پابەندبوون بە پۆشینی دەمامک، دەستەوانە و پاراستی مەودای سەلامەتی لە نێوان نوێژ خوێناندا".

 

سەدر ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشداریکردن لە نوێژی هەینی ئارەزوومەندانەیە، هەر کاتێکیش دۆخی تەندروستی ئاڵۆزتربوو یان قەدەغەی گشتی لەلایەن حکومەتەوە  ڕاگەیەندرا ئەوا دەبێت نوێژەکەش نەکرێت وهەمووان پابەندی بڕیارەکانی حکومەت و لایەنە تەندروستییەکان بن".

 

سەدر لەبڵاوکراوەکەیدا داوای لەهەموومان کردووە پابەندی ئەو مەرجانە بن و هۆشداریداوە بە پێچەوانەوە ئەوانەی کە پابەندی مەرجەکان نابن  بە "لادەر و نەفرەت لێکراو" ناوى بردوون و داوای لەلایەنی پەیوەندیدار کردووە ڕێکاری پێویست دژیان بگرێتە بەر.