گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەت یەکلایی دەکاتەوە

چارەنوسى خوێندنى ئەمساڵ لە چاوەڕوانى ’’بڕیارێکى نوێدایە’’ جیاواز لە ئۆنلاین

2020.09.09 - 15:58
چارەنوسى خوێندنى ئەمساڵ لە چاوەڕوانى ’’بڕیارێکى نوێدایە’’ جیاواز لە ئۆنلاین

ناس کورد-

وەزارەتى پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى پەروەردە سبەینێ کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنى پێشنیاز و بڕیارى نوێ لەبارەى خوێندنى ئەمساڵەوە، دواى ئەو ناڕەزاییانەى لەبارەى خوێندنى ئۆنلاین سەریهەڵدا.

 

بەپێی بڕیارێکى حکومەتى هەرێم کە سەرەتاى ئەم مانگە دەیکرد، وەرزی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندنی 2020-2021 بە شێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکات (جگە لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی). بڕیارەکە کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا و شەپۆلێک ناڕەزایی لێکەوتەوە.

 

دواى ناڕەزاییەکان وەزارەتى پەروەردە بڕیاری دا سبەینێ پێنجشەممە کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى ئەو پێشنیازانەى لەلایەن بەرێوەبەرایەتییەکانى پەروەردەوە ئامادەکراون لەبارەى خوێندنى ئەمساڵەوە.

 

رێکان کەمال، وتەبێژى وەزارەتى پەروەردە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەو پرسانە دەکرێت و هەر بڕیار و رێنماییەکى نوێ بدرێت ڕادەگەیەنرێت.

 

لەبارەى ئەگەر گۆڕانکاریکردن لە بڕیارى خوێندنى ئۆنلانیدا، رێکان کەمال وتى، "تا ئێستا هیچ شتێک دیار نییە و دواى کۆبوونەوەکە هەر شتێک هەبوو ڕادەگەیەنرێت".

 

پەروەردەى سلێمانى چەند پێشنیازێکى ئامادەکردووە بۆ کۆبوونەوەکە کە یەکێکیان ئەوەیە، خوێندن قەتیس نەکرێت لە خوێندنی ئەلیکترۆنی بە تایبەتی قۆناغەکانی (یەکەم، دووەم و سێیەمی) بنەڕەتی و نوێەمی بنەڕەتی، بەڵکو هاوشان لەگەڵ دوازدەی ئامادەیی دەوام بکەن، ئەوەش بەوتەى عومەر ئەمین، جێگری بەڕێوەیەری گشتی پەروەردەی سلێمانی کە پێشتر بۆ ناس کوردى ئاشکراکردبوو.

 

پێشنیازێکى دیکە بەوتەى عومەر محەمەد ئەوەیە، میکانیزمی دەوام لە خوێندنگاکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ دوو یان سێ وەجبە دابەش بکرێت یاخود هەر پۆلێک بکرێت بە دوو گروپ یان سێ گروپ، هەر گروپێک لە ڕۆژێکدا دەام بکات و تێکەڵ بە گروپەکانی تر نەبێت.  

  

هەروەها بەپێی پێشنیازێکی تر، پێویستە دەوام لە گوندەکان ئاسایی بکرێتەوە بە تاییەتی ئەو خوێندنگایانەی کە خوێندکارانیان کەمە و لە پۆلێکدا لە 15خوێندکار تێپەڕ ناکات. 

 

هاوکات گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەرى لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "چاوەڕواندەکرێت سبەینێ لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت و پەروەردەکاندا بڕیارێکى نوێ لەسەر ئەو پرسە بدرێت، بەتایبەتى خوێندنى ئۆنلاین کە بۆ خوێندکارانى قۆناغى یەک تا سێی بنەڕەتى گونجاو نییە".

 

وتیشى، "لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هەر بڕیارێک بدرێت تەندروستى خوێندکاران لەبەرچاو بگیرێت".