گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستیی عێراق: حاڵەتی 80%ی توشبووانى کۆرۆنا ئاسایین

2020.09.09 - 15:02
تەندروستیی عێراق: حاڵەتی 80%ی توشبووانى کۆرۆنا ئاسایین

ناس کورد-

وەزارەتى تەندروستيي عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە کێوماڵکردنى زیاتر لە 10 هەزار کەس بۆ پەتاکە لەناوچە قەرەباڵغ و بازاڕەکانى ناو شارى بەغدا ئەوە دەرکەوتووە لە80 % حاڵەتەکانى توشبوون بەڤایرۆسى کۆرۆنا ئاسایین.

 

ڕیاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەرى گشتیی لەوەزارەتى تەندروستیی بەڕۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمی ڕاگەیاندووە، گەرچى لەچەند هەفتەى ڕابردوودا ڕێژەى توشبوون بەڤایرۆسى کۆرۆنا لەئاستێکى بەرزدابوو، بەڵام لەبەرامبەریشدا ژمارەى ڕێژەى باشبوون لەو پەتایە زیادى کردووە و ڕۆژانە گەیشتووەتە زیاتر لە چوار هەزار حاڵەت لەبەغدا و شارەکانى دیکەى عێراق و ئەوەش دڵنیایى داوەتە وەزارەتى تەندروستى.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، زیادبوونى ژمارەى توشبووان بۆ زیادبوونى کیوماڵکردنى ڕۆژانە دەگەڕێتەوە کە ڕۆژانە گەیشتووەتە زیاتر لە 25 هەزار کیوماڵکردن بۆ پەتاکە، گەر ژمارەى پشکنینەکانیش زیاتر بکرێن ژمارەى توشبووە دۆزراوەکانى دیکەى ڕۆژانە زیاتر دەبن.

 

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتەکە، تائێستا 264 هەزار و 684 کەس لە عێراقدا توشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە زیاتر لە 202 هەزاری چاکبوونەتەوە و حەوت هەزار و 589 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیانلەدەستداوە.