گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاژاوە و دووبەرەكی لێدەكەوێتەوە

بزوتنەوەی بابلیون: رێگە نادەین ناحیەی ئەلقوش بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان

2019.04.26 - 09:21
بزوتنەوەی بابلیون: رێگە نادەین ناحیەی ئەلقوش بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان

ناس كورد-
بزوتنەوەی بابلیون نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە هەوڵەكانی بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقوش بە مەبەستی دابڕاندنی ناحیەكە لە پارێزگای نەینەوا لە رێگەی دەركردنی راگەیەندراوێك، دەربڕی و هۆشداری ئەوەیدا كە ئەو كارە ئاژاوە و دووبەرەكی لێدەكەوێتەوە.

.

لەراگەیەندراوێكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی بابلیون كە وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە، بزوتنەوەكە نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە داوایەكی لارا یوسف بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقوش دەردەبڕێت كە بە گوێرەی راگەیەندراوەكە بەڕێوەبەری ناحیەكە دەیەوێت ئەو ناحیە كریستان نشینە لە پارێزگای نەینەوا داببڕێت و بیخاتە سەر هەرێمی كوردستان و لەو بارەیەوە داوایەكی ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كردووە.

.

لەراگەیەندراوەكەدا بزوتنەوەكە ئاماژە بەوە دەكات "بە هەموو شێوەیەك ئەو بڕیارە تاكلایەنە ڕەتدەكەینەوە، كە هیج خزمەتێك بە پێكهاتەی كریستانی ناوچەكە ناگەیەنێت ، بەڵكو ڕێخۆشكەرە بۆ گۆڕانكاری دیمۆگرافی ناحیەكە و ناوچەكانی تری دانیشتوانی كریستیان و ئەم هەنگاوە ئاژاوە و دووبەرەكی لێدەكەوێتەوە".

.

روونیشیدەكەنەوە، رێگای دادگا دەگرنەبەر و سكاڵا لەسەر بەڕێوەبەری ناحیەكە تۆمار دەكەن و لەو بڕوایەدان كە ئەم كارە هەوڵێكە بۆ دابەشبوونی عێراق.

.

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە ڕێگری بكات لەم جۆرە هەوڵانە و جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئەو كارە دەبێتە هۆی ئاشوب و ئاژاوە لەنێوان پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق.

.
ناحیەی ئەلقوش سەر بەقەزای تەلكیفە و 45 كیلۆمەتر لە ناوەندی شاری موسڵەوە دوورە، دانیشتوانەكەی كریستیانن، و بە ناوچەیەكی جێناكۆك لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی هەژمار دەكرێت.