گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە چەمی ئیبراهیم ئاغا بەدوای تەرمەکانیان دەگەڕێن

زانیاری لەسەر ئەو دوو کچەی دەوترێت لەلایەن باوکیانەوە لە چەمچەماڵ کوژراون (تایبەت)

2020.09.09 - 11:00
App store icon Play store icon Play store icon
زانیاری لەسەر ئەو دوو کچەی دەوترێت لەلایەن باوکیانەوە لە چەمچەماڵ کوژراون (تایبەت)

ناس کورد-

ماوەی یەک هەفتەیە دوو خوشکی خەڵکی ناحیەی شۆرش لە چەمچەماڵ دیار نەماون و کەسوکارە نزیکەکانیشیان "بەڵگەی پێویستیان بە پۆلیس داوە" کە لەلایەن باوکیانەوە کوژراون و تەرمەکانیان شاردراونەتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

محەمەد عەبدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ بە ناس کوردی وت، ماوەی هەفتەیەکە زانیارییان پێگەیشتووەتە باوکێک لە ناحیەی شۆڕش دوو کچی کوشتووە و تەرمەکانی لە تەنگی ئیبراهیم ئاغا لە ناوچەى شوان شاردووەتەوە، "ئێمە دوو ڕۆژ لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش کەوتینە کێوماڵکردنی ناوچەکە بەڵام هیچ شتێکمان نەدۆزییەوە."

 

محەمەد عەبدی دەڵێت، "ناوچەکە زۆر فراوانە و ناتوانرێت چەمەکە بە دوو ڕۆژ بگەڕێین، بۆیە هیچ ئاسەوارێکمان دەستنەکەوت کە دوو کچەکە لە چەمەکە کوژرا بن یاخود تەرمەکانیان شاردرابێتەوە."

 

جەختیکردەوە کە "ناچار بووین دەستبەرداری گەڕان بین و کەوتینە سۆراخی باوکیان، چونکە باوکەکە هەڵهاتووە و تەلەفۆنیشی داخستووە، ماڵەکەشی چۆڵ کردووە، بۆیە لەئێستادا کەوتووینەتە سۆراخی باوک و دوو کچەکەش پێکەوە."

 

بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ باسی لەوەشکرد کە "کەسوکاری نزیکی کچەکان دڵنیاییان داوەتە ئێمە کە باوکەکە دوو کچەکەی کوشتووە و ونی کردوون، بەڵام هێشتا ئێمە نەمانتوانیوە تەرمەکانیان بدۆزینەوە."

 

ئاماژەى بەوەشکرد کە "باوکەکە خێزانی نییە، پیشتر دوو کچ و باوکەکە کەیسی توندتیژییان هەبووە لە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی چەمچەماڵ."

 

ناس کورد پەیوەندی بە هێمن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی توندوتیژی چەمچەماڵەوە کرد، ناوبراو بوونی کەیسەکەى پشتڕاست کردەوە بەڵام ڕەتیکردەوە زانیاری زیاتر بدات لەسەر جۆری کێشەکە.