گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’تا ئەم بەروارە ياخود يەك دەگرين يان لەناوچوون چاوەڕێمانە’’

’’لە خەو هەستن’’.. نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لەناوچوونی مرۆڤایەتی دەدات

2020.09.08 - 21:21
’’لە خەو هەستن’’.. نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لەناوچوونی مرۆڤایەتی دەدات

ناس کورد-

ئەميندارى گشتیی نەتەوە يەكگرتوەكان هۆشدارى دەدات لەوەى كە پێويستە هێزە جيهانيەكان هەوڵەكان يەكخەن و دووبارە ئامادەكارى ئابوريى بكەن بۆ داهاتوويەكى سەوز ئەگەرنا مرۆڤايەتى لەناودەچێت، پێشى وايە شكستهێنان لە كۆنتڕۆڵكردنى پەتاى كۆرۆنا يەكێكە لە مەترسيدارترين هەڕەشەکان.

 

پێش دەركەوتنى ڤايرۆسى كۆرۆنا، ساڵى 2020 بەوە پێناسەكرا كە ساڵێكى يەكلاكەرەوە بۆ پلانى مرۆڤايەتى لە خۆپاراستن لە كاريگەريەكانى قەتيسبوونى گەرماى كارەساتبار، هەروەها بۆ پلاندانان بۆ بەستنى كۆبونەوەى ئاستبەرز بۆ باسكردنى ئەو شەپۆلە نيگەرانييە جيهانييە سەبارەت بە داهاتووى گۆى زەوى دروستبووە.

 

قەيرانى ڤايرۆسى كۆرۆنا تا ڕادەيەك بابەتی ژينگەى چارەسەركرد، ئەوەش بەهۆى پرۆسەكانى داخستن بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ڤايرۆسەكە كە بێ پێشينە بوو، ئەنتۆنيۆ گۆتريز، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان باسى لەوەكردووە كە پێويستى كاركردن دەربارەى ژينگە لە هەركاتێكى تر گرنگترە.

 

ئەميندارى گشتیی نەتەوە يەكگرتوەكان ڕونيكردوەتەوە، پێويستە حكومەتەكان تەركيز بخەنە سەر كەمكردنەوەى بەهەڵمبوون، داواشى كردووە ئەم قەيرانە وەك خاڵێكى دەستپێك بەكاربهێنن بە ئامانجى كەمكردنەوەى بەكارهێنانى سوتەمەنى بەردی.

 

هێماى بۆ ئەوەشكردوە، پێموايە شكستهێنان لە كۆنتڕۆڵكردنى ڤايرۆسى كۆرۆنا بەهۆى ئەوەوە بووە هەماهەنگییەکی نێودەوڵەتى بۆ ڕووبەڕووبونەوەى پەتاكە نەبووە لە جيهاندا، پێويستە ئەو شكستە ببێتە هۆى ئەوەى دەوڵەتان بزانن كە پێويستيان بەوەيە هەيە ڕێچكەكەيان بگۆڕن.

 

ئەنتۆنيۆ گۆتريز دەشڵێت: پێويستيان بەوەيە بە يەكەوە كاربكەن سەبارەت بە هەڕەشەكانى ژينگە كە ڕێگەخۆشكەرە بۆ هەڕەشەيەكى زۆر گەورەتر لە هەڕەشەى پەتا، "هەڕەشەيە لەسەر بوونى هەسارەكەمان و ژيانمان"، پێشى وايە كە پێويستە باج بەسەر "پيسكردنى ژينگەدا".

 

داواش لە دەوڵەتان دەكات كە پشتگيرى كۆتايهێنان بە سوتەمەنى بەردين بكەن و پرۆژەى وەبەرهێنانى گەورە بكەن بۆ نوێكردنەوەى سەرچاوەى وزە و پابەندبوون بە"بێلايەنى كاربۆنيى" و كەمكردنەوەى بەهەڵمبوون تا ساڵى 2050.

 

باسى لەوەشكردوە، پێويستمان بە گرتنەبەرى چەند ڕێوشوێنێكى گۆڕانكارييە سەبارەت بە وزە و گواستنەوە وكشتوكاڵ و پيشەسازى و بەبێ ئەوەش سزاى لەناوچوونمان بەسەردا سەپێنراوە.

 

لێدوانەكانى گۆتێرێز لەكاتێكدايە كە ڕێكەوتنى مێژوويى پاريس سەبارەت بە ژينگە ئەمساڵ چووەتە بوارى جێبەجێكردنەوە ئەوەش بەئامانجى سنورداركردنى بەرزبونەوەى پلەكانى گەرما، ڕێكەوتنەكە پێش پەتاى كۆرۆنا لە ڕووخاندا بوو چونكە گومان لە پابەندبوونى دەوڵەتە زلهێزەكان هەبوو كە هۆكارى سەرەكى پيسبوونى ژينگەن، هەروەها گومان هەبوو كە هێشتا لەو ئاستەدا نييە كە زانست پێى وايە كارەساتى ژينگەيى لێدەكەوێتەوە.

 

گۆتێرێز لەو بارەيەوە دەڵێت، ئێستا خەڵكێكى زۆر چاويان لە هەڵسوكەوتنى گەورە بەرپرسانە وەك چين، ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا و ئەوروپا و ڕوسيا و هندستان و ژاپۆن، هەرگيز پێشتر بەم لاوازييەى ئێستا نەبووين و پێويستمان بەو ڕێژەيە لە خاكيبوون و يەكگرتوويى و هاوخەمى نەبووە وەك ئێستا، هەروەها ڕەخنەشى لە خۆپيشاندانەكانى دژى بيانيەكان و ڕقلێبونەوە و ڕەگەزپەرستى و نەتەوە پەرستى گرت.

 

دەشڵێت، پێش كۆبونەوەى گشتى نەتەوە يەكگرتوەكان لەم مانگە بەشێوەى ئۆنلاين، ياخود يەكدەگرين ياخود لەناودەچين.

 

"لەخەو خەستن"

چيتر هۆشدارييەكان سەبارەت بە گۆڕانى ژينگەيى پێشبينيى نييە بۆ داهاتوو، ڕێژەى مامناوەندى پلەى گەرماى زەوى لە سەدەى 19 ەوە يەك پلە بەرزبووەتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆى زيادبوونى وشكەساڵى و پلەكانى گەرما و زريان.

 

بەكارهێنانى سوتەمەنى بەردين هۆكارى سەرەكى بەرزبوونەوەى پلەكانى گەرما و دووەم ئۆكسيدى كاربۆنە لە بەرگەهەواى زەويى كە لە ئێستا لە بەرزترين ئاستيدايە لەماوەى سێ مليۆن ساڵ، پێنج ساڵى ڕابردوو گەرمترين ساڵان بوون لە مێژووى زەويدا.

 

هەروەها چينە سەهۆڵيەكانى جەمسەرەكانى زەوى بە ڕێژەيەكى زۆر و خێرا دەتوێنەوە كە يەكێكە لە خراپترين سيناريۆكان كە زانايان باسى لێوەدەكەن و دەڵێت كە دەبێتە هۆكارى بەرزبونەوەى وێرانكەرى ئاستى دەريا.

 

ئەميندارى گشتى نەتەوە يەكگرتووەكان پێش دەركردنى ڕاپۆرت دەربارى ژينگە كە ڕۆژى چوار شەممە لەلايەن چەند دەستەيەكەوە بڵاوكرايەوە وتى، پێشبينيمان دەربارەى پێنج ساڵى داهاتوو لەسەر زريان و وشكەساڵى و كاريگەريە دراماتيكيەكانى تر لەسەر بارودۆخى گوزەرانى خەڵكێكى زۆر لە جيهاندا زۆر خراپە، "ئێستا كاتى هەستانە لەخەو".

 

نەتەوە يەكگرتوەكان پێى وايە، تائێستا دەتوانن بگەنە ئامانجێكى پارێزراوتر كە ئەويش دانانى سنورێكى دياريكراوە بۆ بەرزبونەوەى پلەكانى گەرمان بە ڕێژەى 1.5 پلە، بەڵام بەدەستهێنانى ئەوە پێويستى بەوەيە كە ساڵانە 7.6% ڕێژەى بەهەڵمبوون كەمبكرێتەوە لەم دەيەدا.

 

هەمان ڕێكخراو ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، پرۆسەكانى داخستن بەهۆى كۆرۆناوە دەتوانێت 8% بە هەڵمبوون لەساڵى 2020 كەمبكاتەوە، زانايانيش هۆشدارى دەدەن لەوەى كە بەبێ گۆڕانێكى بە بەرنامە ئەو دابەزينە بەشێوەيەكى سەرەكى بێواتا دەبێت.

 

جيهانێكى جياواز

مەترسى هەيە كە ئەو هاندانە گەورەيەى حكومەتى وڵاتان بۆ كۆرۆنا كردويانە ببێتە هۆى پاڵپشتيەك بۆ پيشەسازييە پيسەكان و گۆتێرێز هانى وڵاتەكانى ژاپۆن، هندستان و چين دەدات كە پشتبەستنيان بە خەڵوز كە هۆكارێكى سەرەكى پيسبوونى ژينگەيە كەمبكەنەوە.

 

چين گەورەترين وڵاتى جيهانە لەڕووى پيسكردنى ژينگەوە  و بە ڕێژەيەكى زۆر وەبەرهێنانى لە وزەى نوێدا كردووە، بەڵام لە ماوەى دواييدا بەرهەمهێنانى خەڵوزى زياد كردووە، ئەوەش بەپێى ڕاپۆرتەكان.

 

ئەنتۆنيۆ گۆتێرێز هيواشى وايە يەكێتى ئەوروپا پابەندبێت بە بەڵێنەكانى لەبوارى ژينگە تايبەت بە بابەتى بە هەڵمبوون، ئەويش دواى ئەوەى بڕى 885 مليار دۆلارى بۆ كەمكردنەوەى ڕێژەى كاربۆن دابينكرد.

 

باسى لەوەشكردوە، نامەوێت بگەڕێمەوە بۆ جيهانێك كە گومان لەسەر هەمەڕەنگى بايەلۆجى هەبێت، بۆ جيهانێك كە لەبرى وزەى نوێ زياتر پشت بە سوتەمەنى بەردين ببەستێت، ياخود بۆ جيهانێك نايەكسانى كۆمەڵگەكانى تێدا بێت و كەمتر خۆڕاگربێت و ناسەقامگيرى و توڕەيى و بێهيوايى دروست بكات.

 

دەشڵێت، پێموايە پێويستمان بە جيهانێكى جياوازە، جيهانێكى سروشتى جياوا، هێشتا دەرفەتمان بۆ ئەنجامدانى ئەو كارە لەبەردەستدايە.