گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەى دارایى: بودجەى 2021ى عێراق دامەزراندنى 240 هەزار پلەى وەزیفى لەخۆدەگرێت

2020.09.08 - 09:23
لیژنەى دارایى: بودجەى 2021ى عێراق دامەزراندنى 240 هەزار پلەى وەزیفى لەخۆدەگرێت

ناس کورد-

ئەندامێکى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بودجەى گشتى ساڵى 2021 بودجەى تەشغیلى دەبێت نەک وەبەرهێنان و بودجەکە دامەزراندنى 240 هەزار پلەى وەزیفى لەخۆدەگرێت.

 

جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق بە ڕۆژنامەى سەباحى راگەیاند، ئەو پلە وەزیفییانەى کە سەرجەمیان 240 هەزار پلەى وەزیفین لە بودجەى گشتى 2020ەوە دەگوێزرێنەوە بۆ بودجەى گشتى 2021 بەگوێرەى میکانیزمى سڕینەوە و نوێکردنەوە و خانەنشینى.

 

ئاماژەى بەوەش کرد "بودجەى گشتى 2021 تەشغیلى دەبێت نەک وەبەرهێنان چونکە حکومەت پارەى تەواوەتى نییە بۆ بەجێهێنانى".

 

هاوکات محەمەد شیاع، پەرلەمانتارى عێراق ئاماژەى بەوە کرد ئەو پلە وەزیفییانەى کە وەزارەتى پلاندانان رایگەیاندووە بۆ دامەزراندن، ژمارەیەکى راستەقینەیە و لە جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینى و جوڵەى میلاک لەسەرجەمى وەزارەتەکان سەرچاوەى گرتووە.

 

شیاع گومانى خۆى خستەڕوو لەبارەى دابەشکردنى ئەو پلە وەزیفییانە بەشێوەیەکى دادپەروەرانە و هۆشداریدا لە دەستبەسەرداگرتنى ئەو دۆسیەیە لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە بەتایبەتى لەسەروەختى نزیکبوونەوە لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە.

 

داواشى لە حکومەت کرد کە دامەزراندنى ئەو پلە وەزیفییانە بخاتە ژێر دەسەڵاتى ئەنجومەنى خزمەتى ئیتیحادى.