گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ناکۆکى نێوان فراکسیۆنەکان قوڵتر دەبێتەوە’’

ناکۆکییەکان لەسەر فرە بازنەیی مەترسی ’’دواخستنى’’ هەڵبژاردنى پێشوەختەى لێدەکرێت

2020.09.07 - 20:42
App store icon Play store icon Play store icon
ناکۆکییەکان لەسەر فرە بازنەیی مەترسی ’’دواخستنى’’ هەڵبژاردنى پێشوەختەى لێدەکرێت

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح 

هاوپەیمانى فەتح هۆشداری دەدات لە مەترسی دواخستنى هەڵبژاردنى پێشوەختە، بەهۆى ناکۆکى و مشتومڕى فراکسیۆنەکان لەبارەى میکانزمی فرەبازنەیی لە هەڵبژاردنەکاندا، پەرلەمانتارێکى پارتیش دەڵێت، فراکسیۆنە کوردییەکان لەگەڵ یەک بازنەییدان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەگەڵ دەستپێکردنى وەرزى نوێی یاسادانانى پەرلەمانى عێراق، هەوڵى چڕوپڕ دەستیپێکردووە بەمەبەستى یەکلاکردنەوەى پرسی فرە بازنەیی کە بەربەستە لەبەردەم تەواوکردنى یاساى نوێی هەڵبژاردنەکان.

 

پەرلەمان یەکلاکردنەوەى ئەو پرسەى کردووەتە کارە لە پێشینەکانى بە مەبەستى ڕێگەخۆشکردن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە کە لەلایەن مستەفا کازمیی سەرۆکوەزیرانەوە 6ی حوزەیرانى داهاتوو بۆ ئەنجامدانى دیاریکراوە، بەڵام هێشتا ناکۆکى فراکسیۆنەکان لەو بارەیەوە بەردەوامە.

 

مشتومڕى بێ ئەنجام

سەنا موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتحی سەر بە هادی عامری لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی وت، "مشتومڕەکان لە نێوان فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بەردەوامە لەسەر چۆنێتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و تائێستا نەگەیشتون بە هیچ ئەنجامێک، پێشبینی دەکەین لە ڕۆژانی داهاتوودا ناکۆکییەکان زیاتر قۆڵبنەوە".

 

وتیشی، "ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەسەر پەیڕەوکردنی میکانزمی فرە بازنەیی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا سورن نین، ئێمە لەگەڵ بۆچونی مەرجەعییەتی ئاینیین لە نەجەف کە جەختیکردووەتەوە لەسەر( تەوافوق) سازانی لایەنەکان لە عێراق".

 

ناکۆکییەکان لەسەر ئەو پرسە یاساى هەڵبژاردنەکانى بە هەڵپەسێردراوى هێشتووەتەوە کە لە 24ی کانوونی دووەمی 2019  لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرا، کە لەلایەن فراكسيۆنە كورديیەكانەوە ڕەتکرایەوە و دانيشتنەكەيان بايكۆت كرد.

 

 یاساکە يەكێكە لە داواكارييە سەرەكييەكانى گۆڕەپانەکانی خوپیشاندانەکانی تشرینی 2019 دژ بەحکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی.  

 

موسەوی دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنەکان لە کاتی خوێدا بکرێت، نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر یاساکە وادەکات لە کاتی خۆیدا پەسەند نەکرێت کە ئەوەش بەنەرێنی لەسەرهەڵبژاردنەکان دەشکێتەوە کە ئەگەری زۆرە دوابکەوێت و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا نەکرێت".

 

بەبۆچوونی پەرلەمانتارەکەی فەتح "میکانزمی فرەبازنەیی کێشەی دارایی بۆ حکومەتی عێراق دروستدەکات، چونکە پەیڕەوکردنی ئەو میکانزمە پێیداویستیەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان زیاتر دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەت لەئێستادا ناتوانێت بەشێوەیەکی باش موچەی فەرمانبەرەکانی دابین بکات".

 

بە گوێرەى ماددەى 15ى پڕۆژەياساكە، ناوەندەكانى هەڵبژاردن لە بازنەى شارۆچكەكان دياريدەكرێن و ئەو كەسەى لە هەر شارۆچكەيەك زۆرترين دەنگ بهێنێت دەبێتە ئەندام پەرلەمان.

 

"ئێمە لەگەڵ ئەوەداین عێراق یەک بازنە بێت، یان هەر پارێزگایەک بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی بکرێت بە سێ بازنە یان چواربازنە بە تایبەتی پارێزگاکانی بەغدا بەسرە، کە ئەوەش شێوازێکە لە گونجاندان  لەنێوان میکانزمی یەک بازنەیی و فرە بازنەییدا"، پەرلەمانتارەکەى فەتح وایوت.

 

جەختیشیکردەوە کە "میکانزمی فرەبازنەیی کێشەی دارایی، هۆزایەتی، ئیداری و سیاسی لەداهاتوودا بۆ سیستمی حکومرانی و پەرلەمانی عێراق دروستدەکات".

 

لە چوارچێوەى هەوڵەکان بە ئاراستەى یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە، محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان دوێنێ یەکشەممە لەهەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتیدا کۆبووەوە و ئەو پرسەیان تاوتوێکرد.

 

موسەوی وتی، "سەرۆکی پەرلەمان ویستویەتی لە نزیکەوە بارزانی لە دوایین  دۆخی ناو پەرلەمانی عێراق ئاگاداربکاتەوە بە تایبەتی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان ومیکانزمەکانی".

 

لایەنە سیاسییەکانی عێراق  لەئێستادا بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەشبوون لەبارەى  یاسایی نوێی هەڵبژاردنەکانەوەوە، بەشێکیان پێیانوایە  کە دەبێت عێراق یەک بازنە بێت و هەڵبژاردن بە لیستى داخراوبێت،  بەشێکی تریش دەیانەوێت بازنەکان لەسەر ئاستى پارێزگاکان بێت وەکو پێشوو، هەندێکى دیکەش دەیانەوێت لەسەر ئاستى قەزاکان بێت، بەشێکی دیکەش لە لایەنەکان دەیانەوێت لەسەر ئاستى بازنەى تاکەکەسى بێت واتە 328 بازنەى هەڵبژاردن.  

 

فراکسیۆنە کوردییەکان چیان دەوێت؟

هەرچەندە فراکسیۆنە کوردییەکان هێشتا هەڵوێستێکى یەکگرتوویان دەرنەبریوە لەبارەى ئەوەى لەگەڵ چ جۆرە شێوازێکدان کە لە یاساکەدا جێگیربکرێت، بەڵام دواى پەسەندکردنى یاساکە، لەڕێگەى نووسراوێكى هاوبەشەوە ڕايانگەياند كە لە نێو پرۆژە ياساكەدا داواكارى كورد "بە هەند وەرنەگیراوە"، کە پەیوەندیان بە هەڵبژاردن لەناوچە جێناکۆکەکان و کۆتاى ئافرەتانەوە هەیە، بە تايبەتى لە ماددەكانى 15 و 16ى پرۆژە ياساكە.

 

 ڕێبوارهادی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق لە ناوخۆیاندا ناکۆکن لەسەر ئەو پرسە، بۆیە لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەکانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی وسەرۆکی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان بە چڕو پڕی ئەنجامدەرێت".

 

وتیشی، "ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی سورین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بە شێوازی یەک بازنەیی، بە هیچ شێوەیەکیش بەو ڕازی نابین پارێزگاکان بکرێن بە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەتوندی ڕەتیدەکەینەوە، فراکسیۆنە کوردییەکانی هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەبێت عێراق بەیەک بازنە هەڵبژاردنەکان ئەنجامبدات ".

 

پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، سەرباری ئەوەی پەیڕەوکردنی میکانزمی فرەبازنەیی کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابوری سەخت بۆ حکومەتی عێراق دروستدەکات لە هەمانکاتدا کێشەی "تەکنیکی" بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دروستدەکات.

 

ڕونیشیکردەوە، "دەبێت سەرلە نوێی کۆمسیۆن تۆماری دەنگدەران بە شێوازێکی تر چاپ بکات و نوێی بکاتەوە، چونکە ئەو تۆمارەی کە لەبەردەست کۆمسیۆندایە تۆماری یەک بازنەیە چاپ کردن و نوێیکردنەوە تۆمارەکە  پێویستی بەکاتێکی زۆر هەیە، بۆیە ئەگەری ئەوەی لێدەکەوێتەوە هەڵبژاردنەکان دوابکەوێت".

 

ئەمە لە کاتێکدایە  کە پێشتر ڤیان سەبرى، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق  بە ناس کوردی ڕاگەیاند بوو، فراکسیۆنە کوردییەکان تێبینیان لەسەر پێناسەکردن و میکانزمی ( بازنەی جیاواز) هەیە، "بۆیە دەبێت وەک کورد یەکگرتووبین لەکاتی دەنگدان لەسەر تەواوکردنی یاساکە بە تایبەتی بڕگەی 6 لە ماددەی 15 کەتێدا دەبێت ڕوونبکرێتەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە چۆن دەبێت".

 

 سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە پێویستی زانیبوو "فراکسیۆنە کوردییەکان لە سەرئەو بابەتە یەکدەنگبن، "چونک پەرتەوازەیی کورد لەسەر ئەو پرسە ناوچەکانی مادەی 140 دەخاتە مەترسییەوە".

 

هەروەها پێشتر بەهار مەحمود پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو "پێویستە وەک چۆن یاساکەمان رەتکردەوە، ئێستاش لایەنە کوردییەکان کۆدەنگ بین لەسەر ئەوەى چیمان دەوێت، بۆ ئەوەش پێویستە هەڵویستەکان یەکبخرێن، بەڵام تا ئێستا هەر لایەنە و لەروانگەى بەرژەوەندى خۆیەوە سەیرى پرسەکە دەکات".  

  

رونیشیکردبووەوە "بۆ نمونە ئێمە وەک گۆڕان پێمانباشە وەک خۆى بمێنێتەوە واتە هەر پارێزگایەک بازنەیەکى هەڵبژاردن بێت بەڵام لایەنەکانى دیکە بۆچونیان جیاوازە".