گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناکۆکییەکانى نێوانیان قوڵتر دەبێتەوە

گۆڕان وەڵامی فراکسیۆنەکەى لە بەغدا دەداتەوە: ڕێگە بە سەپاندنى بڕیارى پێشوەختە نادرێت

2020.09.07 - 18:08
گۆڕان وەڵامی فراکسیۆنەکەى لە بەغدا دەداتەوە: ڕێگە بە سەپاندنى بڕیارى پێشوەختە نادرێت

ناس کورد-

ناکۆکییە ناوخۆییەکانى گۆڕان لەسەر پرسی کشانەوەیان لە حکومەت گەیشتە ئەوەى فراکسیۆنەکەیان لە بەغدا بڕیارى هەڵپەساردنى پەیوەندییەکانى بدات لەگەڵ بزوتنەوەکە، لەکاتێکدا بەرپرسانى گۆڕان بڕیارى "پێشوەختەى" هەر ئۆرگانێک لەسەر پرسەکان رەتدەکەنەوە.

 

ئەمڕۆ دووشەممە فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق بڕیاریدا پەیوەندییەکانى لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان هەڵپەسێرێت، ئەوەش بەهۆى بڕیارى بزوتنەوەکە بۆ مانەوەیان لە حکومەت "بەبێ هیچ راپرسی و دەنگدانێک" لەو بارەیەوە، لەگەڵ شێوازى مامەڵەیان لەگەڵ فراکسیۆنەکە کە داواى کشانەوەیان کردبوو لە حکومەت.

 

ناکۆکییەکانى نێوان گۆڕان و فراکسیۆنەکەى لە بەغدا، رۆژى پێنجى ئەم مانگە تەقینەوە، کاتێک لەکۆبوونەوەى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕاندا تۆمەتى توندیان ئاڕاستەى یەکترى کرد و بەو هۆیەشەوە نوێنەرى فراکسیۆنەکە کۆبوونەوەکەى جێهێشت.

 

کاردۆ محەمەد، رێکخەرى ژورى پەرلەمانى بزوتنەوەى گۆڕان بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "بانگهێشتى هەموو نوێنەرانى گۆڕان دەکەین کە بێن لەچوارچێوەى دامەزراوە و ئۆرگانەکانى گۆڕاندا قسەى خۆیان بکەن، لە چوارچێوەى کارى رێکخراوەیی گۆڕاندا وەک بزوتنەوەیەکى سیاسی".

 

سەرەتاى دەرکەوتنى ناکۆکییەکانى نێوان  گۆڕان و فراکسیۆنەکەى لە بەغدا رۆژى 20 ى ئاب دەرکەوتن، کاتێک فراکسیۆنەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا داواى لە گۆڕان کرد لە حکومەتى هەرێم بکشێنەوە، بە پاساوى ئەوەى "شکستی خواردووە و ئەجێنداکانی دژی خەڵک و فەرمانبەران و ئازادیخوازانە". هەروەها لە ڕاگەیەنراوەکەى ئەمرۆشدا جەختیان لەو داوایە کردووەتەوە.

 

کاردۆ محەمەد دەڵێت، "بەپێی چوارچێوەى کاریی دامەزراوەیی رێگە بەهیچ ئۆرگانێک نادرێت کە بریارى پێشوەختە بەسەر بزوتنەوەکەدا بسەپێنێت، یاخود هەوڵبدات لەدەرەوە بڕیارى خۆى بسەپێنێت، بەڵکو دەبێت بە گفتوگۆ لەناو ئۆرگانەکاندا پرۆسەى بڕیاردان گفتوگۆى لەسەر بکرێت و بڕیارى پێویست لەسەر پرسەکان بدرێت".

 

گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق خاوەنى پێنج پەرلەمانتارە کە پێکهاتوون لە (یوسف محەمەد سەرۆکى فراکسیۆن، کاوە محەمەد، هۆشیار عەبدوڵا، بەهار مەحمود، غالب محەمەد).

 

لەکۆبوونەوەکەى پێنجى ئەم مانگەى جڤاتى نیشتیمانیدا، غالب محەمەد، نوێنەرایەتى فراکسیۆنەکەى کرد کە تێیدا مشتومڕى توند لەنێوان ئەو و بەرپرسانى گۆڕاندا لە حکومەت روویدا و دواتر کۆبوونەوەکەى جێهێشت.

 

تا ئێستا دیار نییە گۆڕان چۆن بڕیار لەسەر بڕیارى فراکسیۆنەکەى دەدات لەبەغدا لەبارەى هەڵپەساردنى پەیوەندى نێوانیانەوە، بەڵام ئەندامانى فراکسیۆنەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیاندا ئامادەییان نیشانداوە کە دەستبەجێ دەستلەکاربکێشینەوە "ئەگەر بڕیاربەدەستانی ئێستای گۆڕان بڕیار بدەن لە حکومەتی هەرێم بکشێنەوە و رێکخەر و خانە جێگەکانیان بۆ خەڵکی شایستە چۆڵ بکەن".

 

بەڵام بڕیارى ئێستاى گۆڕان مانەوەیەتى لە کابینەى نۆیەمى حکومەتدا کە تێیدا خاوەنى چوار وەزیرە، ئەوەش رۆژى پێنجى ئەم مانگە دواى کۆبوونەوەکەى جڤاتى نیشتیمانى لەلایەن وتەبێژى بزوتنەوەکەوە راگەیەنرا.

 

لەبارەى دەنگۆى داواکاریی بەرپرسانى گۆڕان بۆ دەستلەکارکێشانەوەى پەرلەمانتارانى گۆڕان لە بەغدا، کاردۆ محەمەد وتى "وەک هەر ئۆرگانێکى دیکەى گۆڕان پەرۆشین بۆ کارکردنى سەرجەم ئۆرگانەکان لەناو بزوتنەوەکەدا نەک هاورێی نیوەڕێ بین".

 

جەختیشیکردەوە "دیدى گۆڕان بۆ کارەکانى لە پەرلەمانى عێراق دیدێکە بۆ چارەسەرى کێشەکان بەتایبەتى کێشەى خاک و کێشەکانى پەیوەست بەخەڵکى کوردستان".