گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە شێوەيەكى سەرسوڕهێنەر پشتگيرى ترامپ دەكات

بۆڵتۆن: ترامپ سەربازە کوژراوەکانى جەنگى جیهانى یەکەمى بە گەمژە و شکستخواردو ناو نەبردووە 

2020.09.07 - 09:25
بۆڵتۆن: ترامپ سەربازە کوژراوەکانى جەنگى جیهانى یەکەمى بە گەمژە و شکستخواردو ناو نەبردووە 

ناس کورد-

جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژكارى پێشووى ئاسايشى نيشتمانى ئەمريكا كە يەكێكە لە ڕەخنەگرەكان لە دۆناڵد ترامپ سەرۆكى ئەمريكا پشتگيرى ترامپ دەكات و دەڵێت، گوێم لێنەبووە بڵێت كە سەربازە كوژراوەكانى جەنگى جيهانى يەكەم "شكستخواردوو و گەمژە" بوون.

 

لە ماوەى ڕابردوو نوسەر "جێفرى ۆڵدبێرگ" لە پێگەى "زە ئەتڵەنتيك" لە وتارێكدا بە ناونيشانى "ترامپ: ئەو سەربازە ئەمريكيانەى لە جەنگى جيهانى يەكەم كوژران شكستخواردوو و گەمژە بوون"، باسى لەوەكردوە دۆناڵد ترامپ لە ساڵى 2018 لەكاتى سەردانێكيدا بۆ ئەوروپا ئەو قسەيەى كردوە.

 

ئاماژەى بەوەشدابوو، هەروەها سەردانى گۆڕستانى "ئايسن مارن"ى ئەمريكى لە نزيك شارى پاريسى پايتەختى فەرەنسا نەكردووە كە سەربازە کوژراوەکانى شەڕى "بيلو وود"ى تێدا نێژراوە، چونكە لەوە ترساوە باران قژى تێك بدات.

 

لاى خۆشيەوە كۆشكى سپى بە توندى ئەو وتارەى ڕەتكردبوەوە و ژمارەيەك لەو بەرپرسانەشى ياوەرى ترامپان كردبوو جەختیان كردبوەوە ئەو قسانە ناڕاستن و ترامپ شتێكى لەو جۆرەى نەوتووە، هەروەها بەڵگەنامە فەرمييەكان هۆكارى هەڵوەشانەوەى سەردانەكەى ترامپ بۆ گۆڕستانەكە ڕوندەكەنەوە و بەهۆى ئەوەوە نەبوە لە تێكچوونى قژى بترسێت بەهۆى بارانەوە.

 

لاى خۆيەوە "جۆن بۆڵتۆن" سەبارەت بە سەردانەكە نوسيويەتى، بە هەليكۆپتەر بوو بەڵام بەهۆى خراپى كەشوهەوا هەڵوەشێنرايەوە، هەروەها بە ئۆتۆمبێليش بژاردەيەك نەبوو بەهۆى مەترسى قبوڵنەكراوەوە كە بريتى بوون لە قەرەباڵغى ڕێگا و ئەگەرى ڕودانى هەر حاڵەتێكى لەناكاو.

 

بۆڵتۆن كە کتێبێکى لەسەر ماوەى كاركردنى وەك ڕاوێژكارى ئاسايشى نيشتمانى ئەمريكا نوسيوە و زۆربەى ڕەخنەيە لە ترامپ، ڕەخنەى لەو وتارەش گرتووە و بە درۆ ناوى بردوە و ڕونيشيكردوەتەوە، گوێى لە ترامپ نەبووە بڵێت سەربازانى كوژراوى ئەمريكى لە جەنگى جيهانى يەكەم شكستخواردوو ياخود گەمژە بوون.

 

ئەم پشتگيريەى بۆڵتۆن بۆ ترامپ پێشبينى نەكراو بوو بەتايبەتى لەلايەن كەسێكەوە كە پێى وايە ترامپ شايستەى پۆستى سەرۆكايەتى ئەمريكا نييە، بەڵام بۆڵتۆن دەشڵێت "ناڵێم هەرگيز شتێكى لەو جۆرەى نەوتوە  و نازانم ئەگەر دواتر و لەكاتێكى تردا وتبێتى، بەڵام من گوێم لێ نەبوە شتێكى لەو جۆرە بڵێت لەو كاتەى كە باسكراوە و من لەو گفتوگۆيەدا بووم".

 

لاى خۆشيەوە "جۆ بايدن" پاڵێوراوى حزبى ديموكراتەكان و ڕكابەرى ترامپ بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى سەرۆكايەتى ئەو وڵاتە داواى لە سەرۆكى ئەمريكا كردبوو ئەگەر ئەو قسانە ڕاستە ئەوا داواى لێبوردن بكات.