گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

يۆنان: لە ڕوبەڕوبونەوەى توركيا ناترسين و ئەردۆگان لە خەياڵدا دەژى

2020.09.06 - 21:21
يۆنان: لە ڕوبەڕوبونەوەى توركيا ناترسين و ئەردۆگان لە خەياڵدا دەژى

ناس کورد-

گرژيەكانى نێوان يۆنان و توركيا بەردەوامە و "ئەدۆنيس جۆرجياديس" وەزيرى گەشەپێدانى يۆنان ڕایگەیاند، لەوە ناترسن بچنە شەڕەوە لەگەڵ ئەنقەرە و لەو بڕوایەدایە "ڕەجەب تەيب ئەردۆگان" سەرۆككۆمارى ئەو وڵاتە لە خەياڵدا دەژى.

 

"ئەدۆنيس جۆرجياديس" لە لێدوانێكى رۆژنامەوانيدا ئاماژەى بەوە کرد،ئەردۆگان لە خەياڵدا دەژى و هەوڵى زيندووكردنەوەى ئيمبراتۆريەتى عوسمانى دەدات.

 

باسى لەوەشكرد، يۆنان تواناى ئەوەى هەيە بەرپەرچى چاوچنۆكيەكانى ئەردۆگان بداتەوە، ئەسينا ڕێوشوێنى ئامادەكاريى گرتووەتە بەر بۆ هەر ڕوبەڕوبونەوەيەك و لە توركيا ناترسين و چۆك بۆ هەڕەشەكانى دانادەين.

 

ئەم قسانەى "ئەدۆنيس" دواى ئەوە دێت، توركيا مانۆڕێكى سەربازى لە باكورى دورگەى قوبرس دەستپێكردوە، ئەوەش بە نوێترين زنجيرە گرژيەكانى نێوان ئەو دوو وڵاتە دادەنرێت كە هەردوكيان ئەندامى هاوپەيمانى باكورى ئەتڵەسى "ناتۆ"ن.

 

پێشتريش ڕەجەب تەيب ئەردۆگان هەڕەشەى لە يۆنان كرد و وتى، تێدەگەن كە توركيا هێزى سياسى و ئابورى هەيە بۆ دڕاندنى ئەو نەخشە و بەڵگەنامە نادادپەروەرانەى كە بەسەريدا دەسەپێنرێت "وەك ئاماژەيەك بۆ ئەو ناوچانەى لەنێوان توركيا و يۆنان جێناكۆكن".

 

توركيا و يۆنان كێشەى سەروەرييان بەسەر چەند ناوچەيەكى دەوڵەمەند لە ڕووى ئابورييەوە هەيە لە دەرياى ئيجە و دەرياى ناوەڕاست و مافى گەڕان تێياندا، بەتايبەتى كە ڕاپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە ئەو ناوچانە بە نەوت و غاز دەوڵەمەندن و هەريەكەيان ئەو ناوچانە بە موڵكى خۆيان دەزانن.