گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەبێژى قوباد تاڵەبانى بۆ ناس کورد: کۆبوونەوەکانى هەرێم و بەغدا دوانەخراوە

2020.09.06 - 20:41
App store icon Play store icon Play store icon
وتەبێژى قوباد تاڵەبانى بۆ ناس کورد: کۆبوونەوەکانى هەرێم و بەغدا دوانەخراوە

ناس کورد-

سەمیر هەورامى وتەبێژى قوباد تاڵەبانى ڕایگەیاند، ناوەڕاستى ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەکانى شاندى هەرێم و بەغدا لەبارەى بودجە و شایستە داراییەکانى هەرێم دەستپێدەکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

سەمیر هەورامى، وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند "کۆبوونەوەکانى هەرێم و بەغدا دوانەخراوە، بڕیارە رۆژى سێشەممە دەستپێبکەن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى بودجە و شایستە داراییەکانى هەرێم و جێگیرکردنى لە بودجەدا".

 

هاوكات فارس عیسا نوێنەرى حکومەتى هەرێم لەبەغدا بۆ ناس کورد جەختیکردەوە کە سەردانەکە رۆژى سێشەممە ئەنجام دەدرێت.

 

ئامانج لە گفتوگۆکانى هەرێم و بەغدا گەیشتنە بە رێککەوتنێکى درێژخایەن لەسەر کێشەکانى نێوانیان، دواى ئەوەى ناوەڕاستى مانگى ڕابردوو رێککەوتنێکى کاتیان تا کۆتایی ئەمساڵ ڕاگەیاند.

 

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم پێشتر ڕایگەیاندبوو، حکومەتى عێراق یەکدەنگ نییە لەبارەى رێککەوتنەکەوە و مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران لەسەر لێپرسراوێتى خۆى بڕیاریداوە تا کۆتایی ئەمساڵ مانگانە 320 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.

 

ئاماژەى بەوەشکردبوو، بۆیە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ رەوانەکردنى شاندێک بۆ بەغدا، بەمەبەستى تەواوکردنى دانوستانەکان و گەیشتن بە رێککەوتنى درێژخایەن.

 

لەبارەى دانوستانە چاوەڕوانکراوەکەوە، پیشتر سەمیر هەورامى بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، کۆبوونەوەکانیان تایبەت دەبێت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لەبودجەی ساڵی 2021 و زۆر گرنگ دەبن بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە زۆر گرنگە لەو کۆبوونەوانەدا باشترین شت بۆ هەرێم بەدەستبهێنرێت و لەیاسای بودجەدا جێی بکرێتەوە.  

  

سەبارەت بەداواکارییەکانی هەرێم لە بەغدا لە بودجەی 2021، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتى هەرێم ئاماژەی بەوەکردبوو "ئێمە خەرجییەکانی هەرێم دەخەینە بەردەستی حکومەت و پێیان دەڵێین کە چەندمان پێویستە بۆ موچە و خەرجییە سیادییەکان، لەو خەرجییانە و موچەی فەرمانبەران زیاتر داوا ناکەین".  

  

جەختیشیکردبووەوە، ئەگەر کێشە بۆ گفتوگۆکان دروست نەبن و ئەوەی لەڕابردوودا کاری لەسەر کراوە درێژەی پێبدەن، ئومێدیان هەیە بۆ ساڵی نوێ کێشە داراییەکانی هەرێم بەتایبەت موچە چارەسەر دەبێت و ڕێککەوتنەکان لە بودجەدا جێگەی دەکرێتەوە، کە ئەوەش پێویستی بە هەوڵی پەرلەمانتارانی کوردیشە لە بەغدا بەتایبەت ئەندامانی لیژنەی دارایی.