ناس کورد-
محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى کۆبوونەوە و چەندین پرسیان تاوتوێکرد، لەناویاندا پرسی هەڵبژاردنى پێشوەختە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەى ڕاگەیەنراوێکى نوسینگەى حەلبوسى کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە، محەمەد حەلبوسى ئەمڕۆ (یەکشەممە) لە هەولێر چاوى بە بارزانى کەوتووە و پرسە سیاسییەکانیان تاوتوێکردووە، لەناویاندا پێویستى سەپاندنى یاسا و شکۆى دەوڵەت، دابینکردنى کەشوهەواى گونجاو بۆ تەواوکردنى سەرجەم پێویستییەکان بەمەبەستى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە.
جەختیشیکراوەتەوە، هەر لەکۆبوونەوەکەدا پرسی فرە بازنەیى هەڵبژاردن تاوتوێکراوە لە یاساى هەڵبژاردنەکاندا، لەگەڵ تاوتوێکردنى دەرکردنى چەند یاسایەک لە ماوەى داهاتوودا، لەناویاندا هەموارکردنى یاساى دادگاى فیدراڵى.
نوسینگەى حەلبوسى جەختیکردووەتەوە، لەدیدارەکەدا جەخت لە یەکخستنى بیروڕاى هێزە سیاسییەکان کراوەتەوە، لەپێناو تێپەڕاندنى ئاڵنگاریی و قەیرانەکان، سەربارى پێویستى بەردەوامى گفتوگۆ، بۆ چارەسەرى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەى دەستوردا.