گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دارایی پەرلەمانی کوردستان: لە سبەینێوە سەردانی یەکە بە یەکەی دەروازە سنورییەکان دەکەین

2020.09.06 - 13:45
دارایی پەرلەمانی کوردستان: لە سبەینێوە سەردانی یەکە بە یەکەی دەروازە سنورییەکان دەکەین

ناس کورد-

زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانی سەرجەم دەروازە سنورییەکان دەکەن و هەوڵ دەدەن "بەرچاوڕونیمان هەبێت لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروبارە کارگێڕییەکان".

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ی ئەیلولی 2020، زیاد جەباری لەگەڵ ئەندامانی تری لیژنەکە و  لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، "بڕیارمان داوە لە سبەینێوە سەردانی سەرجەم خاڵە سنورییەکان بکەین، وەک ئەرکێکی پیشەیی خۆمان هەوڵ دەدەین بەوردی بەرچاوڕونیمان هەبێت لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروبارە کارگێڕییەکان لە هەموو خاڵە سنورییەکان".

 

زیاد جەبار وتیشی: "لە ڕابردوودا لیژنەکەمان راپۆرتێکی وردی ئامادەکردبوو، وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاتنە پەرلەمان ڕاپۆرتەکەمان پێشکەشکردن و لەنێویدا چەندین تێبینی و سەرنج ئامادەکرابوو، هەروەها چەندین راسپاردەمان ئامادەکردبوو کە حکومەت کاری لەسەر بکات، بۆ ئەم مەبەستە و درێژەدان بە کارەکانمان ئێمە بڕیارمانداوە لە سبەینێوە سەردانی یەکە بە یەکەی خاڵە سنورییەکان بکەین وردەکاری بکەین لە چاودێریکردنی سنورەکان، پاشان ڕاپۆرتێکی ورد ئامادە دەکەین لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و ئەو سەرنج و تێبینیانەی لامان دروست دەبێت دەیدەین بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان".   

 

سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری لە پەرلەمانی کوردستان ڕاشیگەیاند، "ئەو پێشنیازانەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکان دەمان بێت یان ئەوەی کە لە رابردوو گوتومانە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت چاکسازی بکات لە سەرچاوەکانی داهات، هەمووی لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێ دەدەین، راگەیاندنەکان و رای گشتیش لە ئەنجامی سەردان و گەڕانەکانمان ئاگادار دەکەینەوە".

 

زیاد جەبار وتیشی: "ئەو سەردان و گەڕانانەمان بریتی دەبێت لە بەرچاوڕوونی لە جێبەجێکردنی چاکسازی و هەنگاوێکە بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە دووی ساڵی 2020ی تایبەت بە چاکسازی دارایی لە هەرێمی کوردستان".

 

سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکرد کە "دوای کۆتایی هاتنی هەموو سەردان و بەدواداچوونەکانمان راپۆرتێکی گشتگیر ئامادە دەکەین و دەینێرین بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و دواتریش حکوومەتی لێ ئاگادار دەکەینەوە، ئەگەر پێویست بکات کۆبوونەوەی پەرلەمانی لەسەر دەکەین و حکوومەتیش بانگهێشتی کۆبوونەوەکە دەکەین".