گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا هاوسەرەکەى کوشت و تەرمەکەیان فڕێدایە ئاوەڕۆی شاری بەغداوە

2020.09.06 - 13:21
لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا هاوسەرەکەى کوشت و تەرمەکەیان فڕێدایە ئاوەڕۆی شاری بەغداوە

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتی بنبڕکردنی تاوان لە پارێزگای بەغدا ڕایگەیاند، هێزەکانیان توانیویەتی  لەماوەی 24 کاتژمێردا کەسێک بە تاوانی کوشتنی کەسێکی تر و پاشان فرێدانی تەرمەکەی بۆناو ئاوەڕۆی سەرەکی شارەکە دەستگیربکەن، "بکوژەکە بە هاوکاری هاوسەری کوژراوەکە ئەو کارەى کردووە."

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ی ئەیلولی 2020، بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، "دوای ئەوەی بەرواری 3ی ئەیلول ئاگادارکراینەوە لە بوونی تەرمێک لە ناو ڕێڕەوی سەرەکی ئاوەڕۆی شاری بەغدا، ڕاستەوخۆ بە فەرمانی جێگری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری پۆلیس لیژنەیەک بۆ لێکۆڵێنەوە لە ڕووداوەکە  پێکهێنرا".

 

ئاماژە بەوەکراوە، "لە ڕێگەی کامێرەکانی چاودێرییەوە توانراوە دوای 24 کاتژمێر لە ئەنجامدانی تاوانەکە تاوانبار (م غ) دەستگیربکرێت کە دانی بەوەدا ناوە."

 

بە وتەی پۆلیس، بکوژەکە کوژراوەکەى بردووەتە ناوچەی ڕێڕەوی سەرەکی ئاوەڕۆی بەغدا و لەوێ بە چەقۆ کوشتویەتی، دواتریش تەرمەکی فڕێداوەتەوە ناو ئاوەڕۆکەوە".

 

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە کە "تاوانبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی بوونی پەیوەندی سۆزداریی لەگەڵ هاوژینی کوژراوەکە تاوانەکەی ئەنجامداوە".

 

بەڕێوەبەرایەتی بنبڕکردنی تاوانی پارێزگای بەغدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هاوژینی کوژراوەکە دەستگیرکراوە و لە ئاکامی لێکۆڵێنەوەکاندا دانای بەوەدا ناوە کە پەیوەندی سوزداری لەگەڵ تاوانبارەکەدا هەبووە وهەردووکیان بەیەکەوە پلانی کوشتنیان بۆ هاوسەرەکی داڕشتووە".