گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیاتر لە 35 هەزار کەسی لێ کوشتوون کەچی دژی کۆرۆنا و بەستنی دەمامک خۆپیشاندانیان کرد

2020.09.06 - 09:20
زیاتر لە 35 هەزار کەسی لێ کوشتوون کەچی دژی کۆرۆنا و بەستنی دەمامک خۆپیشاندانیان کرد

ناس کورد-

ئەگەرچی تاوەکو ئێستا بەهۆی کۆرۆناوە زیاتر لە 35 هەزار کەس لە ئیتاڵیا گیانیانلەدەستداوە، بەڵام لە شاری رۆمای پایتەختی ئەو وڵاتە زیاتر لە هەزار کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی بەستنی زۆرەملێی دەمامک لە قوتابخانەکان و لێدانی ڤاکسین گردبوونەوە.

 

ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زیانێکی زۆری کۆرۆنای بەرکەوتووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 276 هەزار توشبووی ڤایرۆسەکە تۆمارکراون و زیاتر لە 35 هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیانلەدەستداوە، هەربۆیە حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری دا بە پێویستی بەستنی دەمامک لەلایەن منداڵان لە کاتی کردنەوەی قوتابخانەکاندا.

 

بەهۆی بڕیارەکەوە، دوێنێ شەممە، 5ی ئەیلولی 2020، زیاتر لە هەزار کەس لە شاری ڕۆما پایتەختی ئەو وڵاتە ڕژانەسەر شەقامەکان و دژی ئەو بڕیارە وەستانەوە.

 

خۆپیشاندەران لە دروشمەکانیاندا ئاماژەیان بەوەدەکرد: "نەخێر بۆ ڤاکسینی زۆرەملێ، بەڵێ بۆ ئازادی لە هەڵبژاردن"، "نابۆ دەمامک لە قوتابخانە یان دورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی" "ئازادی کەسی پیرۆزە".

 

خۆپیشاندانەکە گیوسێپی کۆنتی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەى توڕە کرد و ڕایگەیاند، "ئێمە ڕوبەڕوی پەتایەکی جیهانی بوونەتەوە، خەڵکێک کە پێیان وایە کۆرۆنا بوونی نییە خۆپیشاندانیان کردووە، بەڵام ئێمە بە داتا وەڵامیان دەدەینەوە."

 

کۆنتی وتیشی کە پێویستە خۆپیشاندەران ڕێزی قوربانیانی کۆرۆنا و خێزانەکانیان بگرن، "من پێیان دەڵێم بە لایەنی کەمەوە ڕێز لە خێزانی مردووەکان بگرن."