کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
دامەزراوەی ناس راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەو هێرشە ئەلەكترۆنییە بڵاوكردەوە كە ماوەی سێ رۆژە بە بەرنامە و بۆ لەكارخستن دەخرێتە سەر هەردوو بەشی عەرەبی و كوردی ماڵپەری ناس.
.
لەراگەیەندراوی دامەزراوەی ناس هاتووە " بەرپرسی تەكنیكی دامەزراوەكە ئاشكرای كرد هەردوو بەشی عەرەبی و كوردی ماڵپەڕی "ناس" ماوەی سێ ڕۆژە ڕوبەڕوی هێرشێكی ئەلەكترۆنی دەبێتەوە، كە ئامانج لێی راگرتن و پەكخستنی چالاكییەكانییەتی ".
.
بەوتەی بەرپرسە تەكنیكییەكەی دامەزراوەی ناس، پرۆگرامێكی گومانلێكراو، ملیۆنەها هەژماری تایبەت بە بەكارهێنەری وەهمی و دروستكراو ئاراستەی دۆماینی ماڵپەرەكە (WWW.NASNEWS.COM) دەكات بە مەبەستنی خستن و لەكارخستنی چالاكییەكانی.
.
بەرپرسە تەكنیكییكەی ناس، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هەتا ئێستا سەرجەمی هێرشەكان شكستیان هێناوە لەبواری لەكارخستنی ماڵپەرەكە بەڵام بێزاری بۆ هەندێك لەبەكارهێنەران دروست كردوە.
.
بەرپرسی تەكنیكی دامەزراوەی ناس، روونیدەكاتەوە، لە بەدواداچوونی سەرەتایی بۆ كێشەكە دەركەوتووە ئەو شوێنەی هێرشە ئەلەكترۆنییەكەی لێوە ئەنجام دەدرێت لەناوخۆی عێراقدایە.
.
داواشی لە وەزارەتی گەیاندن و كۆمسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق و لایەنە فەرمییە پەیوەندارەكان بە دۆسیەی ئەنتەرنێت كرد كە ئەو لایەنانە ئاشكرا بكەن كە لەپشت رێكخستنی ئەو هێرشانەوەن و سزایان بدەن.
.
بەرپرسی تەكنیكی دامەزراوەی ناس، ئاماژە بەوە دەكات كە فانەكانی بەشی عەرەبی و كوردی ناس پێدەچێت تێبینی ئەوەیان كردبێت كە لەكاتی سەردانیكردنی ماڵپەرەكە بۆ ماوەی چركەیەك كردنەوەی ماڵپەرەكە دوادەكەوێت و هۆكاری ئەو درەنگ كردنەوەی ماڵپەرەكەش بەهۆی ئەو پرۆگرامی سكۆریتییە كە بۆ پارێزگاریكردن لە دۆماینی ماڵپەرەكە بەكاردەهێنرێت بۆ بەرگرتن بەو هێرشە ئەلەكتۆرنییە نامۆ و نەناسراوانەی دەكرێتە سەر ماڵپەرەكە.
.
بەڵێنی ئەوەشیدا بە فانە بەڕێزەكانی ماڵپەری ناس، بەزووترین كات ئەو كێشەیە چارەسەر بكات.
.