گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆمپانیاکە و شارەوانى لەسەر داخستنى گۆڕستانەکانى دیکە ناکۆکن

شارەوانى سلێمانى هەڕەشەى هەڵوەشاندنەوەى تاکلایەنەى گرێبەستى ناشتنى مردوو دەکات

2020.09.05 - 13:16
شارەوانى سلێمانى هەڕەشەى هەڵوەشاندنەوەى تاکلایەنەى گرێبەستى ناشتنى مردوو دەکات

ناس کورد-

 

شارەوانى سلێمانى هەڕەشەى هەڵوەشاندنەوەى تاکلایەنەى گرێبەستى ناشتنى مردوو دەکات کە لەگەڵ کۆمپانیایەک لەو بارەیەوە واژۆیکردووە، ئەگەر کۆمپانیاکە پێشێلکاریى دیکە ئەنجام بدات.

 

ماوەى چەند رۆژێکە شەپۆلێک ناڕەزایی فراوان بەتایبەتى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرانبەر ئەو گرێبەستە سەریهەڵداوە کە بۆ ماوەى پێنج ساڵە و مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 2018، کە تێیدا حکومەت رێگەى بە کۆمپانیاى دوزى داوە بۆ ناشتنى مردوو لە گۆڕستانى نوێی سلێمانى، کە ئەمساڵ بەشێک لە مردوانى کۆرۆناى تێدا نێژرا.  

 

ناڕەزاییەکان دواى ئەوە سەریهەڵدا کە قەبر هەڵکەنەکانى سلێمانى کە ژمارەیان نزیکەى پەنجا کەس دەبێت، هەفتەى ڕابردوو بەدەنگى بەرز نیگەرانى خۆیان لەو بارەیەوە دەربڕى و کۆمپانیاکەیان تۆمەتبارکرد بەوەى نرخێکى زیاتر لە هاوڵاتیان وەردەگرێت لەبەرانبەر هەڵکەندنى قەبر و هەڵبەستنیدا.  

 

لەگرێبەستەکەدا کە لە 14 بڕگە پێکهاتووە نرخى گۆڕ بەم شێوەیەیە دیاریکراوە، ناشتنى منداڵى تا 12 ساڵ 175 هەزار (75 هەزار بۆ گۆڕ هەڵکەنەکان، 100 هەزار بۆ کۆمپانیا) بەمەبەستى خزمەتگوزاریی و بیئارتۆنى گۆڕەکە بەدرێژى دوو مەتر.

 

هەروەها بۆ ناشتنى مردووى سەروى 12 ساڵ 260 هەزار دینار، (110 هەزار بۆ کۆمپانیا، ئەوەى دیکەى بۆ گۆڕ هەڵکەنەکان).

 

سەردەشت رەفیق وتەبێژى شارەوانى سلێمانى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسی هاوبەشدا لەگەڵ نوێنەرى کۆمپانیاکە ڕایگەیاند "بەپێی گرێبەستەکە ئەم کۆمپانیانە ناتوانێت زیاتر لەو بڕە پارەیە وەرگرێت کە لە گرێبەستەکەدا دیاریکراوە".

 

ئەو پارەیەى کە کۆمپانیاکە وەریدەگرێت، لەبەرانبەر خزمەتگوزاریی بەردەوامە بۆ گۆڕستانەکە و دروستکردنى بیئارۆتۆن و رەسیف بەدەورى گۆڕەکان و ئاودان و سەوزکردنى گۆڕستانەکە.

 

سەردەشت رەفیق وتى "هەندێ پێشێلکارى کراوە، وەک وەرگرتنى پارەى چونە ژورەوە لەوانەى کەسوکاریان لەوێ نێژراوە، لەگەڵ وەرگرتنى 110 هەزار لە کەسوکارى ئەوانەى بە کۆرۆنا مردوون و لەوێ نێژراون".

 

وتیشى "کۆمپانیاکەمان بانگکردووە لەسەر ئەو پێشێلکارییانە، ئەگەر پێشێلکاریى دیکە رووبدات یەکلایەنە گرێبەستەکە هەڵدەوەشێنینەوە".



داخستنى گۆڕستانەکان

بەرپرسانى کۆمپانیاکە و شارەوانى سلێمانى قسەى جیاواز دەکەن لەبارەى چارەنوسى گۆڕستانەکانى دیکە، بەپێی گرێبەستەکەى نێوانیان لەسەر ناشتنى مردوو لە گۆڕستانى نوێی سلێمانى کە روبەرەکەى 238 دۆنم زەوییە.

 

ژیر جەمال پارێزەرى کۆمپانیاى دوزى لە کۆنفرانسە رۆژنامەنوسییەکەدا وتى "بەپێی گرێبەستەکە دەبێت سەرقەبرانەکانى دیکەى ناو شارى سلێمانى دابخرێن و گۆڕ هەڵکەنەکان بگوازرێنەوە بۆ ئەم قەبرستانە".

 

بەڵام سەردەشت رەفیق وتەبێژى شارەوانى سلێمانى جەختیکردەوە، هیچ گۆڕستانێک بەفەرمى دانەخراوە، بەتایبەت ئەوانەى شوێنیان ماوە مردوویان تێدا بنێژرێت.

 

لەسلێمانى چەندین گۆڕستانى دیکە بونیان هەیە کە بەشێکیان شوێنى ناشتنى مردوویان تێدا نەماوە، بەڵام بەشێکیان شوێنیان ماوە و بەردەوام مردوویان تێدا دەنێژرێت، ئەگەریش بڕیارى داخستنیان بدرێت دەبێت سەرجەم ئەوانەى دەمرن لەو گۆڕستانە نوێیە بنێژرێن. 

 

پارێزەرى کۆمپانیاکە باسى لەوەکرد، داوایان پێشکەشى شاروانى کردووە بۆ کەمکردنەوەى نرخەکان، 110 هەزار دینار بۆ منداڵ و 150 هەزار بۆ گەورە، بەڵام وەزارەتى شارەوانى رەتیکردووەتەوە.

 

هەروەها وەرگرتنى پارەى لەبەرانبەر چونە ژورەوەى ئۆتۆمبیلى کەسوکارى مردوودان رەتنەکردەوە بەڵام وتى "ئەوە لێکتێنەگەیشتن بووە و یەکجار بووە و چارەسەر کراوە کە بڕى 500 دینار وەرگیراوە".

 

گۆڕ هەڵکەنەکانى سلێمانى ترسیان هەیە ئەو گرێبەستە ببێتە هۆى بێکاربوون ئەوان، بەتایبەت کەئەوان ساڵانێکە سەرقاڵى ئەو کارەن و خۆیان مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان دەکەن.

 

پارێزەرى کۆمپانیاکە لەو بارەیەوە وتى "بەپێی رێزبەندى نۆرە بۆ گۆڕ هەڵکەنەکان دادەنرێت کە گۆڕ هەڵبکەنن".

 

ئەوەشى خستەڕوو، گۆڕستانەکە هەموو رۆژەکانى هەفتە کراوەیە، شەشى بەیانى بۆ شەشى ئێوارە رێگە بەسەردان دەدرێت، بەڵام هەموو کاتەکانى دیکە رێگە بە ناشتنى مردوو دەدرێت.

 

بەپێی گرێبەستەکە، بیست کۆشک لەناو گۆڕستانەکە دادەنرێن، کە بەوتەى پارێزەرى کۆمپانیاکە، ئەوان بۆیان نییە دەستوەردان بکەن لەوەدا و لەلایەن شارەوانییەوە بەکرێ دەدرێن.

 

کێشە سەرەکییەکە چییە؟

"کێشە سەرەکییەکە لەسەر هەڵبەستنى گۆڕە، چونکە لە گرێبەستەکەدا بەهیچ شێوەیەک باسى ئەوە نەکراوە و ئەوە کارى کۆمپانیاکە نییە، بەڵکو هاوڵاتیان خۆیان ئازادن کە خۆیان دەیکەن یاخود بە گۆڕ هەڵکەنەکان دەڵێن کە بۆیان بکەن"، سەرچاوەیەکى ئاگادار لە گرێبەستەکە ئەوەى بۆ ناس کورد ئاشکراکرد.

 

نرخى هەڵبەستنى گۆڕ لە گرێبەستەکەدا دیارینەکراوە، لە ئێستادا و لە گۆڕستانەکانى دیکە بە نرخى جیاجیا گۆڕ هەڵکەنەکان گۆڕ هەڵدەبەستن، دیاریش نییە لە گۆڕستانە نوێیەکە بە چى نرخێک دەکرێت.

 

وتەبێژى کۆمپانیاکە وتى "ئێمە حەقمان بەسەر ناشتنى مردوو، هەڵبەستنى گۆڕەوە نییە، ئەرکى ئێمە تەنها دروستکردنى بیئارتۆن و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە".

 

بەپێی رێنماییەکانى شارەوانى سلێمانى، نرخى هەڵبەستنى گۆڕ بە شێوەى سادە بە 200 هەزار دینار دیاریکراوە، بەڵام زۆرجار لەو نرخانە زیاتر لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت.