گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چۆن کامێرای چاودێری نهێنی لە شوێنکدا ئاشکرا بکەم؟

2019.04.25 - 16:04
چۆن کامێرای چاودێری نهێنی لە شوێنکدا ئاشکرا بکەم؟

ناس کورد-شەهرام عەزیز

بەکارهێنانی کامێرای چاودێریی لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکى زیادکردووە، هەرچەندە جۆرە باوەکەى کامێرای چاودێری هاوکاری خەڵک و هێزە ئەمنییەکانیش دەکات بۆ ڕێگری و دۆزینەوە تاوان، بەڵام جۆرێک لە کامێرای چاودێری کە نهێنییە و بچوک و شاراوەیە بووەتە مۆتەکە بۆسەر ژیانى تایبەت خەڵک.

ئەوەى کێشە و مەترسییەکانى ئەو جۆرە کامێرا نهێنییەى زیادکردووە، ئازادی کڕین و فرۆشتنێتی لە بازاڕەکاندا. کامێرای چاودێری نهێنی بە قەبارەیەکى زۆر بچوکى دروستکراوە و لەکاتی دانانیدا ئەستەمە بە چاوببینرێت، زۆرجار بە مەبەستى سیخوڕی و کاری نایاسایی بەکاردەهێنرێن.

.

چۆن بیدۆزمەوە؟

شارەزایەکى بواری ئای تی و کۆمپیوتەر بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، باشترین و گرنگترین ڕێگا بۆ دۆزینەوەى کامێرای چاودێری نهێنی بەکارهێنانی موبایلە.

ئەندام عومەر کە ماستەریشی لە زانستی کۆمپیوتەردا هەیە دەڵێت، "کاتێک لە شوێنێکدا گومان دەکەیت کامێرای چاودێری نهێنی لێبێت، ئەوە هەوڵ بدە ئەو شوێنە تاریک بکەیت، ڕوناکی ئەو شوێنە بکوژێنەوە و پەردە دابدەرەوە، کامێرای موبایلەکەت بکەرەوە و شاشەی مۆبایلەکەت ڕووبکەرەوە ئەو جێگایەی گومانت لێی هەیە، چونکە تیشکی کامیرا نهێنییەکە لە کامێرای مۆبایلەکەوە دەردەکەوێت."

هاوکات چەند ئەپێکی موبایل هەن کە لەسەر هەردوو بەکارهێنەرانی سیستمی کارپێکەری ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید دەتوانن سودیان لێ ببینن و ئەرکیان دۆزینەوەى کامێرای چاودێری نهێنییە.

.

ئەى ئەگەر دۆزیمەوە چی بکەم؟

لەکاتی دۆزینەوەى کامێرای نهێنی لە جێگایەکدا، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە دەزگا ئەمنییەکانەوە بکە و ئاگاداریان بکەرەوە، لەو کاتەدا شتێک بدە بەسەر لێنزی کامێرا نهێنییەکەدا بۆ ئەوەى چیتر وێنە نەگرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا لە فرۆشگاکانی جل و بەرگی ئافرەتان چەندیک کەس دەستگیرکران کە کامێرای چاودێری نهێنیان دانابوو لە شوێنی خۆگۆڕینی ئافرەتاندا، ئەمەش ترسی لای هاوڵاتیان دروست کرد کە گومان لە هەموو شوێنێک بکەن کە ئەو کامێرایەی لێبێت، بەڵام ئەو کامێرایە بە ئاشكرا لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت.

.

هیچ حاڵەتێک تۆمارکراوە لای پۆلیس؟

بە وتەى وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، چەندین حاڵەتى بەکارهێنانی کامێرای چاودێر نهێنی لە دوکانى پۆشاک و جوانکارییەکان تۆمارکراون و هاوڵاتیانى سکاڵایان تۆمارکردووە و چەندین کێشەى لێ کەوتووەتەوە.

سەرکەوت ئەحمەد بە ناس کوردی وت، "بەکارهێنانی کامێرای نهێنی لە شوێنە گشتییەکاندا ڕێگەپێدراو نییە، هەرکەسێکیش سەرپێچی بکات بە مادەى خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان سزا دەدرێت و سزاکەشی دەگاتە پێنج ساڵ زیندانی.

.

چۆن هاوردە دەکرێت و دەفرۆشرێت؟

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، "تائێستا هیچ ڕێنماییەکیان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە بەدەست نەگەیشتووە بۆ قەدەغەکردنی ئەو جۆرە کامێرانە، بۆیە هاوردەکردنی سەرجەم جۆرەکانى کامێرایەکی چاودێری بۆ هەرێم ڕێگەپێدراوە".

بە وتەی سۆران عەبدولغەفور، هەرکات حکومەت هاوردەکردنی ئەو جۆرە کامێرایانەی قەدەغەکرد ئەوانیش وەک چاودێری بازرگانی جێبەجێی دەکەن.