گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستى عێراق هۆشداریدەدات: دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت

2020.09.04 - 22:19
تەندروستى عێراق هۆشداریدەدات: دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت

ناس کورد-

 

وەزارەتى تەندروستى عێراق هۆشداریدەدات لەوەى بارودۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت، دواى ئەوەى بەرزترین ئامارى توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرا.

 

ئەمڕۆ هەینى پێنج هەزار و 36 حاڵەتی نوێی کۆرۆنا و 84 حاڵەتی مردن بە ڤایرۆسەکە لە عێراق تۆمار کران، کە بەرزترین ژمارەى توشبوونە لەوکاتەوەى ڤایرۆسەکە لە عێراق بڵاوبووەتەوە.

 

وەزارەتى تەندروستى عێراق لەبەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە ڕایگەیاندووە، سەرەڕاى هۆشدارییەکانى وەزارەتەکە و جەختکردنەوەى بەردەوامى  بۆ گرتنەبەرى رێوشوێنى خۆپارێزى، بەڵام بەرزترین ئامارى توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرا، بەهۆى پابەندنەبوونى زۆرینەى هاوڵاتیان بە رێوشوێنەکان.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، سەرەڕاى پابەندبوونى زۆرینەى کۆبوونەوەکانى حسێنیە بە رێوشوێنە خۆپارێزییەکان، بەڵام زۆر کۆبوونەوەى گەورەى جیاجیا دەبینن لەزۆرێک لە شوێن و شەقام و بازاڕ و چێشتخانەکان، بەبێ گرتنەبەرى رێوشوێنى خۆپارێزى.

 

وەزارەتى تەندروستى عێراق دەڵێت، ئەو دۆخە هۆکارى بەرزبوونەوەى ئامارى توشبووانە و پێشبینیدەکرێت لەرۆژانى داهاتوودا بەردەوام بێت، کە ترس هەیە ببێتە هۆى ئەوەى دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت، لەمامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەیەکى گەورەى توشبووان و بەرزبوونەوەى ژمارەى مردووان.