گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڕێکی باش پارەیان دەدرێتێ

ئەڵمانیا و فەڕەنسا 51 کۆچبەریان ناردەوە بۆ هەولێر کە زۆربەیان کوردن

2020.09.04 - 09:58
ئەڵمانیا و فەڕەنسا 51 کۆچبەریان ناردەوە بۆ هەولێر کە زۆربەیان کوردن

ناس کورد-

لە چوارچێوەی "یەکەم هەڵمەتی ئەوروپیی هاوبەش لەو بوارەدا"، ئەڵمانیا و فەڕەنسا لەسەر داوای خۆیان 51 کۆچبەری عێراقییان ناردەوە بۆ هەولێر کە زۆربەیان کوردی هەرێمی کوردستانن.

 

ئەو کۆچبەرانە لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بوون و سودیان لە پڕۆگرامی هاوکاریی دارایی بۆ گەڕانەوەى خۆبەخشانە وەرگرتووە، واتە لە بەرانبەر ڕازیبوون بە گەڕانەوە بڕێک پارەیان پێ دراوە.

 

دیدییە لیسکی، سەرۆکى نوسینگەی فەڕەنسی بۆ کۆچ و تێکەڵبوونەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، "ئەو هەڵمەتە هاوبەشەی فەڕەنسا و ئەڵمانیا یەکەم هەڵمەتی وڵاتانی ئەوروپییە" لە بواری کۆچدا و جەختی کردەوە کە گەشتە ئاسمانییەکەی نێوان باریس-میونخ-هەولێر لەلایەن دەستەى چاودێری سنورە دەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا (فرۆنتێکس) ڕەخسێنراوە و پارەى بۆ دابینکراوە.

 

15 لەو کۆچبەرانە لە فەڕەنسا بوون و داواکاری مافی پەنابەرێتییان ڕەتکرابووەوە، هەروەها 36 کۆچبەریان لە ئەڵمانیا بوون، سەرجەمیان ئێوارەى پێنجشەممە، 3ی ئەیلولی 2020، گەیشتنە فڕۆکەخانەى هەولیر.

 

بە قسەى دیدییە لیسکی، هەر یەکە لەو کۆچبەرانە بڕی هەزار و 800 یۆرۆیان پێدراوە تاوەکو ڕازی بن بە گەڕانەوەیان، لەگەڵ گەشتنیان بە عێراقیش، سێ هەزار یۆرۆی تریان پێ دەدرێت وەک هاوکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەى ژیان و دووبارە تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە.

 

ئەو کۆچبەرانە پشکنینی کۆرۆنایان بۆ کراوە، هەرچەندە بڕیار بوو 90 کۆچبەری عێراقی بن، بەڵام ئەوانەى توشبوو کۆرۆنا بوون نەخراونەتە گەشتەکەوە.

 

ساڵی 2019، فەڕەنسا نزیکەى هەشت هەزار و 500 کەسی بە شێوەیەکی خۆبەخشانە ناردووەتەوە، لەمساڵیشدا تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 300 کۆچبەری تری ناردووەتەوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی حکومەت، تێچووی ناردنەوەى خۆبەخشانە کەمترە لە تێچووی ناردنەوەى بەزۆر.