گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مستەفا کازمی و شاندێکی باڵای یەکێتی کۆبوونەوە.. باسی چییان کرد؟

2020.09.03 - 19:56
مستەفا کازمی و شاندێکی باڵای یەکێتی کۆبوونەوە.. باسی چییان کرد؟

ناس کورد- 

سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ شاندێکى باڵا لە بەرپرسانى یەکێتى کۆبوویەوە و هەردوولا باسیان لەپتەوکردنى پەیوەندییەکان و هاریکارى کردنى نێوان دامودەزگاکانى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان کردەوە.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئەیلولی 2020، لەڕاگەیەنراوێکدا نوسینگەى ڕاگەیاندنى مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران پێشوازى لەشاندێکى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بەسەرۆکایەتى لاهورى شێخ جەنگى، هاوسەرۆکى ئەو حزبە کردووە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، لەدیدارەکەدا گرنگترین ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و گرفتى خزمەتگوزارى و کارکردن لەو بوارەدا تاووتوێ کراوە، هەروەها چەند دۆسییەیەکى سیاسى و ئابووریش خراونەتە بەر باس.

 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر لەو کۆبونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لەپتەوکردنى بنەماکانى هاریکارى و کار کردن بۆ گەشەپێدانى نێوان دامەزراوەکانى فیدراڵ و هەرێم کردووە.

 

هەر بەپێى ڕاگەیەنراوەکەى نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق، مستەفا کازمى کارى هاوبەشى لەچوارچێوەى سیستمى ئەمنیى عێراقدا بەگرنگ زانیوە بۆ پتەوکردنى دامەزراوەکانى عێراق لەدژى شانە نوستووەکانى داعش کەدەیانەوێت هەلەکە بقۆزنەوە و دەربکەون دواى سەرکەوتنى عێراق بەسەر تیرۆردا.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێش دیدارەکەیان لەگەڵ کازمی، شاندەکەی یەکێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح. سەرۆککۆماری عێراق کۆبوونەوە و باسیان لەکێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد.